پەرلەمانتاری کوردی پارتی سەوز لە ئەڵمانیا، ژیان عومەر، بڕیاری دا بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026ی پەرلەمانی بەرلین خۆی بەربژێر بکاتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی، درێژەدانە بە کارەکانی پێشووی و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە کایەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە وەک بەربژێری ڕاستەوخۆی پارتی سەوز بەشداری لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردندا دەکات، سەرەڕای هەبوونی چەند هەڵمەتێکی دژایەتیکردن لە بەرامبەری، ناوبراو سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کارەکەی کە چەقی سەرەکییەکەی داکۆکیکردنە لە مافەکانی گەلی کورد لە ئەڵمانیا بە گشتی و شاری بەرلین بە تایبەتی.
ژیان عومەر تیشک دەخاتە سەر سەنگی دیمۆگرافیی کورد لەو وڵاتە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆی نزیکەی دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا، نزیکەی 1000 هەزار بۆ 200 هەزار کەسیان نیشتەجێی شاری بەرلینن، بۆیە هەوڵدەدات نوێنەرایەتییەکی شایستەی ئەو ژمارە زۆرەی دیاسپۆرای کوردی بکات، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە هاوشێوەی چوارساڵی ڕابردوو، بەردەوام دەبێت لەسەر بەرزڕاگرتنی دەنگی کوردان و پاراستنی بەرژەوەندی و زمان و کولتوورەکەیان.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەشداریکردنی کوردان لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و چەندین کەسایەتیی کورد چوونەتە نێو کایەی یاسادانانی ئەو وڵاتەوە، ژیان عومەر یەکێکە لەو نوێنەرە دیارانەی کە لە خولی پێشووی پەرلەمانی بەرلیندا، ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە خستنەڕووی پرسە کوردییەکان، یەکێک لە هەوڵە دیارەکانی لە ڕابردوودا بریتی بووە لە کارکردن بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەی فەرمی بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی و هێنانەکایەی دەرفەتی زیاتر بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لەناو دامەزراوەکانی ئەو ویلایەتەدا.
