بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی فەرەنسا، بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا کۆتایی بە ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی کۆچبەران لە نێوان لەندەن و پاریس بهێنرێت، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە توندی ڕەخنەیان لەم جۆرە مامەڵەیە گرتووە و بڕیارە لە داهاتوودا پلانێکی گشتگیری یەکێتیی ئەوروپا جێگەی ئەم ڕێککەوتنە دووقۆڵییە بگرێتەوە.
ڕۆژنامەی لۆ مۆندی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە ئاشکرای کردووە، ڕێککەوتنەکە لە دوای مانگی تشرینی یەکەمەوە درێژ ناکرێتەوە، لەبری ئەوە، پشت بە پلانێکی کارکردنی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەبەسترێت کە لە 18ی حوزەیران ڕاگەیەندراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەپەڕنەوە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش پێشوازی لەم پلانە نوێیەی ئەوروپا کردووە و بە هەنگاوێکی هەماهەنگتری دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی لەندەن جەختیان کردووەتەوە کە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ فەرەنسا تا وەرزی پاییز بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزی هاویندا پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران جێبەجێ بکەن.
پڕۆسەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و خودی پەنابەران بووەتەوە و بە پرۆسەیەکی هەڕەمەکی و نادادپەروەرانە وەسف کراوە. ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ئەم هەنگاوەی بە مامەڵەیەکی بێبەزەییانە بە ژیانی مرۆڤەکان ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەو کەسانەی بە زۆر دیپۆرتی فەرەنسا کراونەتەوە تووشی فشاری دەروونیی توند و سەرلێشێواوی بوون، هاوکات، بەشێک لەو کۆچبەرانە ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە لە باکووری فەرەنسا هەڕەشەیان لێکراوە و هیچ جۆرە پاڵپشتییەکیان لەو وڵاتە پێنەدراوە، تەنانەت هەندێکیان مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتانی وەک سووریا لەسەر بووە.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەریدەخەن کە لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە تا 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ، 921 پەنابەر گەڕێنراونەتەوە بۆ فەرەنسا و لە بەرامبەریشدا 896 پەنابەر بە شێوەیەکی یاسایی براونەتە بەریتانیا، بەڵام ئەم ڕێکارە نەبووەتە هۆی وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەران، بە جۆرێک تەنها لە نێوان 15 بۆ 22ی حوزەیراندا 1939 پەنابەر بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە بەریتانیا، ڕۆژنامەی تەلەگرافیش بڵاوی کردووەتەوە کە بەهۆی توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانەوە، قاچاخچییەکان ئێستا ڕێڕەوی گەشتەکانیان گۆڕیوە و مەودایەکی زیاتر لە 80 میل دەبڕن، کە دەکاتە چوار هێندەی کورتترین ڕێگای ئاسایی نۆکەندەکە.
ڕێککەوتنی یەک بەرامبەر یەک لە تەممووزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کیەر ستارمەر و ئیمانوێل ماکرۆنەوە وەک هەنگاوێکی بێپێشینە بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی ڕاگەیەندرا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەریتانیا بۆی هەبوو ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک دەگەنە خاکەکەی بە زۆر بگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرامبەریشدا پێشوازی لە ژمارەیەک کۆچبەری یاسایی بکات کە لە فەرەنسان و هەوڵی پەڕینەوەی نایاساییان نەداوە، بەڵام پێداگریی کۆچبەران بۆ گەڕانەوەی دووبارە بۆ بەریتانیا لە ڕێگەی بارهەڵگرەکانەوە، وایکرد ئەم پلانە نەبێتە ئەو هێزە ڕێگریکارەی کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات چاوەڕوانیان دەکرد.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
