بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، کۆنفرانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە دوسلدرۆفی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و پشتگیریی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
کۆنگرەکە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە رێک خراوە، ئەوەش بۆ بایەخدان بە زمانی دایک، کە بە پشتگیریی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 هەزار قوتابیی کورد لە 35 قوتابخانەی کوردی لە بەشێکی وڵاتان دەخوێنن و فێری زمانی دایک دەبن و چەندان قوتابخانەی دیکە لە جیهان هەن، کە وانەی کوردیی تێدا دەخوێنرێت و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانیی پشتگیرییان دەکات و خوێندنی زمانی دایک بۆ هەموو منداڵێکی کورد دەستەبەر دەکات.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە ساڵی 2024ـەوە دامەزراوە و لەژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانیی کار دەکات و راستەوخۆ لەلایەن شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی کۆنفیدراسیۆن چاودێریی وردی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت.
جێی باسە، لە کۆنگرەکەدا 120 ئەندام بەشدارن، کە پێکهاتوون لە مامۆستایان، پسپۆڕانی زمانەوانی و کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، هەروەها نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردییەکان، ئەندام پەرلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەڵمانیا و نوێنەری 35 قوتابخانەی زمانی کوردی لە سەرانسەری جیهان ئامادەین.


