سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، دایکانی کوردی لە تاراوگە بە بزوێنەری سەرەکیی مانەوەی نەتەوە ناوبرد و داوای لێ کردن رۆڵی پێشەنگایەتی ببینن لە گواستنەوەی زمانی شیرینی کوردی بۆ نەوەی نوێ و پاراستنی ماڵەکان لە شاڵاوی تواندنەوەی کلتووری.
لە بانگەوازێکی تایبەت و سۆزداردا بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە تاراوگە، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، ئەرکی قورسی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خستە سەر شانی دایکانی کورد.
لە میانی وتارەکەیدا لە یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا لە رێکەوتی 27ی حوزەیرانی 2026، راستەوخۆ رووی قسەکانی ئاراستەی دایکان کورد کرد و هیوای خواست کە ئەوان لە ماڵەوە و لە دەرەوەش ببنە هاندەری سەرەکیی منداڵەکانیان بۆ فێربوونی زمانەکەیان.
شفا بارزانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی کاریگەری ئافرەتی کورد کرد و رایگەیاند، ئەو 2500 فێرخوازەی ئەمساڵ فێری زمانی کوردی بوون، بەرهەمی هاندانی خێزانەکان و بەتایبەت دایکانن،بۆیە داوای کرد ئەم رۆڵە فراوانتر بکرێت و دایکان رێگە نەدەن میراتی باوباپیران کە زمانی کوردییە لە ماڵەکانیاندا ون ببێت، چونکە زمان کلیلی مانەوەی نەتەوەیە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دوژمنانی کورد لە رابردوودا هەوڵی زۆریان داوە زمانەکەمان نەهێڵن، بۆیە ئێستا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی خێزانی کوردستانی لە دیاسپۆرا، بەتایبەتی دایکان کە کۆڵەکەی سەرەکیی پەروەردەی خێزانین، تاوەکو بەردەوام بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان گفتوگۆ بکەن و پشتیوانیی ئەو فیدراسیۆنە بکەن کە تەواوی پێداویستییەکانی فێربوونی بۆ دەستەبەر کردوون.
لە زانستی دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا، زمان بە ناوی زمانی دایک دەناسرێت، چونکە دایک یەکەمین کەسە کە پەیوەندیی دەنگی و سۆزداری لەگەڵ کۆرپەلە دروست دەکات و وشەکانی پێ دەناسێنێت،لە وڵاتانی تاراوگە کە ژینگەی دەرەوە بە زمانێکی بیانییە، رۆڵی ژنان و دایکان لە ناو ماڵدا دەبێتە تاکە فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ فێرکردنی زمانی رەسەن بە نەوەی نوێ و پاراستنیان لە بێگانەبوون.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
009647504475408
