بۆ یەکەمجار لە مێژووی خوێندنی کوردیدا لە دەرەوەی وڵات، پرۆژەی دانانی ستانداردێکی زانستی و هاوبەش بۆ زمانی کوردی راگەیەندرا، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی یەکخستنی تەواوی شێوەزارەکان و کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی پەروەردەییە لە ناوەندەکانی خوێندنی رەوەندی کوردستانیدا.
لە هەنگاوێکی گەورەی زانستی و ئەکادیمیدا بۆ خزمەتی زمانی دایک، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، ئاشکرای کرد، کار بۆ دانانی ستانداردێکی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی لە دیاسپۆرا دەکرێت، ئەم راگەیاندنە ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا و لە میانی یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی خرایە روو، کە بە بەشداریی دەیان زانا و شارەزای بواری زمانەوانیی کورد لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوەچوو.
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی ئاماژەی بە قۆناغێکی نوێی پەروەردەیی کرد و رایگەیاند کە کۆکردنەوەی 35 قوتابخانەی کوردی لە سەرانسەری جیهان لەژێر چەتری ئەم فیدراسیۆنەدا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی زانستییانە و سەرکەوتووانەتر زمانەکەمان بگەیەنینە نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە گرنگیی بوونی ستانداردێکی هاوبەش کردەوە کە ببێتە پێوەرێک بۆ هەموو ئەو ناوەندانەی خزمەتی زمانی کوردی دەکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا، شفا بارزانی تیشکی خستە سەر دەوڵەمەندیی زمانی کوردی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لە رێگەی پرۆگرامە ئۆنلاینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، خوێندن بە پێنج شێوەزاری سەرەکی کە بریتین لە سۆرانی، کرمانجی، بادینی، زازاکی و هەورامی بەردەستە، ئەم هەنگاوە زانستییەش وا دەکات پرۆسەی فێربوون رێکوپێکتر بێت و پەرتووکەکانی دیاسپۆرا بە سیستماتیکتر دابەش بکرێن.
فرەشێوەزاریی زمانی کوردی، ئەگەرچی خاڵێکی بەهێز و دەوڵەمەندیی کلتوورییە، بەڵام لە رووی پەروەردەییەوە لە تاراوگە هەمیشە ئاڵەنگارییەکی گەورە بووە بۆ نووسینەوەی مەنهەجێکی یەکگرتوو، هەوڵدان بۆ دانانی ستانداردێکی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا، بە یەکێک لە قورسترین و گرنگترین پرۆژە ئەکادیمییەکان دادەنرێت کە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتووی نووسین و خوێندن بۆ نەوەکانی داهاتووی کورد لە سەرتاسەری جیهان.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
009647504475408
