بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەبەردەم باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە مۆناکۆ، 3 کەس بریندار بوون کە باری تەندروستیی دوو لەوان ناجێگیرە.
بەهۆی رووداوی تەقینەوەکە، هێزە ئەمنییەکانی مۆناکۆ و فەڕەنسا کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوێک کە بەرەو ناوخۆی فەڕەنسا هەڵاتووە.
ڕووداوەکە پێش کاتژمێر 21:00ی شەو بە کاتی ناوخۆی وڵاتەکە (19:00 بە کاتی گرینیچ) لەسەر شەقامی ڕێڤێرێند پێر لویس فرۆلا و لە نزیک سنووری فەڕەنسا ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقەمەنییەکە لەناو جانتایەکدا لەبەردەم باڵەخانەیەک جێهێڵدراوە کە پڕ بووە لە بزمار و پارچە ئاسن بە مەبەستی گەیاندنی زۆرترین زیانی گیانی.
دەستبەجێ زیاتر لە 100 کارمەندی پۆلیس و تیمی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە.
پۆلیسی مۆناکۆ ڕایگەیاندووە، سێ بریندارەکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری نیسی فەڕەنسا بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە، بەڵام ناسنامەی قوربانییەکان تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە.
لای خۆیەوە، کریستۆف میرماند، سەرۆکی حکومەتی مۆناکۆ ئاماژەی بەوە کرد، بە ئەگەرێکی زۆر ئەمە هێرشێکی ئەنقەست بووە، ناوبراو ڕوونیکردەوە، کامێراکانی چاودێری گومانلێکراوێکیان تۆمار کردووە کە جانتاکەی لەو شوێنە داناوە و دواتر بەرەو سنووری فەڕەنسا هەڵاتووە، ئێستا لێکۆڵینەوەی چڕ بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە.
مۆناکۆ بە یەکێک لە ناوچە هەرە ئارام و پارێزراوەکانی جیهان دادەنرێت کە بە دەگمەن تاوانی لەم شێوەیەی تێدا ڕوودەدات، سەرۆکی حکومەتی مۆناکۆ جەختی لەوە کردەوە، ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا ڕووداوێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکەیان تۆمار بکرێت، هەروەها شازادە ئەلبێرتی دووەم، فەرمانڕەوای مۆناکۆ، کارەکەی بە تاوانێکی قێزەون و شۆکێکی گەورە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی مۆناکۆ ناوبرد و ڕایگەیاند، سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکانیان کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی وڵاتەکە ئەمڕۆ نوێترین پێشهاتەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی فەرەنسا و ئەورووپا بخەنە ڕوو.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
009647504475408
