KDC

ئەوروپا توندترین یاسای دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی پەسەند کرد

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پاکێجێکی نوێ و بێپێشینەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە پەسەند کرد کە بە نایاسایی لە وڵاتانی یەکێتییەکەدان.

 یاسا نوێیەکە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خێرا توند دەکات، دەسەڵاتی بێسنوور بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵان و سزای قورسی وەک قەدەغەکردنی گەشت بۆ ماوەی 20 ساڵ بەسەر کۆچبەراندا دەسەپێنێت.

بەپێی یاسا نوێیەکە، ماوەی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە 18 مانگەوە بۆ 30 مانگ زیاد دەکرێت، ئەگەر کۆچبەرێک لە وڵاتێکەوە بچێتە وڵاتێکی تری ئەوروپا، ماوەی زیندانیکردنەکەی لە سفرەوە بۆ هەژمار دەکرێتەوە و دەکرێت بۆ ماوەیەکی نادیار لە زینداندا بمێنێتەوە.

هاوکات دەسەڵاتێکی فراوان دراوە بە هێزە ئەمنییەکان بۆ گەڕان و هەڵکوتانە سەر ماڵی کۆچبەران، ماڵی خزمەکانیان و تەنانەت ئەو پەناگانەش کە لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، لە لایەکی ترەوە، ئەو بڕگەیە هەڵوەشاوەتەوە کە پێشتر ڕێگەی دەدا لەسەر بنەمای سۆز و باری مرۆیی مافی مانەوە بە کۆچبەر بدرێت، بۆیە لەمەودوا دەبێت دەستبەجێ بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەربکرێت و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپاش بەبێ لێکۆڵینەوەی نوێ پابەندی بڕیارەکەی یەکتر دەبن.

یەکی دیکە لە گۆڕانکارییە گەورەکان پێدانی دەسەڵاتە بە وڵاتانی ئەوروپا بۆ دروستکردنی کەمپی دەرەکی، بە شێوەیەک دەتوانن کۆچبەران و تەنانەت خێزان و منداڵانیش ڕەوانەی وڵاتی سێیەم یان ئەو کەمپانە بکەن لە دەرەوەی سنوری ئەوروپا، ئەگەر نەیانتوانی بیاننێرنەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان،سەرەڕای ئەوەش، ئەو کۆچبەرانەی بڕیاری دیپۆرتیان بۆ دەردەچێت یان لە کاتی گەڕانەوەی خۆویستانەدا هاوکاری ناکەن، بۆ ماوەی 10 تا 20 ساڵ چوونەناوەوەیان بۆ خاکی ئەوروپا لێ قەدەغە دەکرێت.

 بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش، ئەوروپا ڤیزا، بازرگانی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی وڵاتانی دەرەوە تا هاوڵاتییەکانیان وەربگرنەوە، لەگەڵ فراوانکردنی ڕۆڵی ئاژانسی پاسەوانی سنوورەکانی ئەوروپا لە پرۆسەی گەڕاندنەوەدا.

ئەم یاسا نوێیە کە لە 17ی حوزەیران بە 418 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 218 دەنگی نەخێر و 30 دەنگی بێلایەن لە پەرلەمانی ئەوروپا تێپەڕی، نوێکردنەوەیەکی ڕیشەیی و گەورەی سیستەمی کۆچی یەکێتیی ئەوروپایە و جێگەی ڕێنماییەکانی ساڵی 2008 دەگرێتەوە. پەسەندکردنی ئەم ڕێکارانە کە تەنانەت لە پێشنیازەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ ساڵی 2025 توندترن، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی نوێی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ داخستنی سنوورەکانی و توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی کۆچبەران، لە ئێستادا یاساکە تەنها چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپایە و ڕاستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتییەکەدا، بەشێکی زۆری بڕگەکانی دەستبەجێ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە دوای 12 مانگی تر کاری پێدەکرێت.

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید

Harmn

پەیامی جەژنی نەورۆزی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا خوێندرایەوە

Harmn

کۆی مردووانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا 900هەزار کەسی تێپەڕاند

Harmn