KDC

لە کۆڵانەکانی سلێمانییەوە بۆ گرانترین شەقامی ئەڵمانیا.. خانمە تەلارسازێکی کورد مێژوو دەنووسێتەوە

خانمە تەلارسازێکی کورد بە ناوی رۆژ حەیدەر، بە شێوازێکی داهێنەرانە توانیویەتی سەرنجی ئەڵمانییەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت و دیزاینی باڵەخانە لە گرانترین و قەرەباڵغترین شەقامی شاری دیوسڵدۆرف بکات، رۆژ بە بیرۆکە ژینگەیی و مۆدێرنەکانی، کار بۆ ئەوە دەکات ناوی خۆی وەک زەها حەدیدی کورد لە ئەوروپا و جیهاندا بچەسپێنێت.

یەکێک لە کارە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم خانمە کوردە، نوێکردنەوەی باڵەخانەیەکی کۆنە لە ئەڵمانیا کە ئێستا بووەتە شوێنی یەکێک لە مارکە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان، ئەو لەبری دیزاینی باوی بیناسازی، شێوازێکی جووڵاوی بۆ رووکاری بیناکە بەکارهێناوە، بە جۆرێک پارچە ئاسنەکان رەنگدانەوەی ئەو جووڵە و ژیانە خێرایەن کە لەسەر شەقامەکە دەگوزەرێت، هەڵبەتە سەرەتای کارەکانی ئاسان نەبووە، بەتایبەتی کاتێک لە تەمەنی 26 ساڵیدا و راستەوخۆ دوای دەرچوونی لە زانکۆ، وەک کچێکی گەنجی کورد چووەتە نێو ژینگەیەکی کارکردن کە بەتەواوی لەلایەن پیاوانی بەتەمەنەوە قۆرخ کرابوو، بەڵام بە متمانەبەخۆبوون و تواناکانی سەلماندی کە شایستەی پێشەنگایەتییە لەو بوارەدا.

خولیای رۆژ بۆ تەلارسازی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و ئەو کاتانەی سەردانی ماڵی نەنکی کردووە لە شاری سلێمانی، ئەو ماڵە سادە و ئارامە بووەتە هەوێنی گەورەترین خەونی ژیانی بۆ تێکەڵبوونی بەم بوارە.

لە رووی فەلسەفەی کارکردنیشەوە، ئەم تەلارسازە کوردە بەتەواوی دژی بەکارهێنانی کۆنکرێتە و پێی وایە کەرەستەیەکی زیانبەخشە و کاتێک بینایەک تێکدەدرێت دەبێتە پاشماوەیەکی بێسوود و بارگرانی بۆ زەوی، بۆیە لە زۆربەی کارەکانیدا پشت بە تەختە و دار دەبەستێت کە دۆستی ژینگەیە، دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و کەشێکی تەندروستتریش بە مرۆڤ دەبەخشێت.

لە پەراوێزی سەرکەوتنەکانیدا لە ئەوروپا، رۆژ حەیدەر لە تەلارسازیی ئێستای کوردستان بێئومێدە و تێبینییەکی زۆری لەسەر ئەو باڵەخانە بەرز و بێ رۆحانە هەیە کە تەنیا لە کۆنکرێت دروستکراون و هیچ سەلیقەیەکی جوانی و کولتوورییان تێدا نییە، خەونی گەورە و ئامانجی داهاتووی ئەوەیە رۆژێک بگەڕێتەوە سلێمانی و پرۆژەی نیشتەجێبوونی وا دروست بکات، کە رەسەنایەتیی ماڵە کۆنەکانی کوردەواری و شێوازی ژیانی سەردەمیانە ئاوێتەی یەکتر بکات و شوناسێکی نوێ ببەخشێتەوە بە تەلارسازیی وڵاتەکەی.

___

بەڕێوەبەری تەندروستی جیهان هۆشداری شێوەی نوێی کۆرۆنا لە دوای ئۆمیکرۆن دەدا

Harmn

ئوتۆمبێلێک منداڵێ دەکوژێت

KDC

تاهیر هەورامی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئامادەکاری گەڕاندنەوەی تەرمی دوو گەنجی کوردی کرد

KDC