KDC

  دیوزەن تەککال خەڵاتێکی گەورەی ئەڵمانی پێشکەشی 50 ملیۆن کورد و ملیۆنێک ئێزدی دەکات

 ڕۆژنامەڤان و چالاکڤانی دیاری کورد، دیوزەن تەککال، خەڵاتی زمانە شینەکەی بۆ ساڵی 2026 لە وڵاتی ئەڵمانیا وەرگرت، لەسەر شانۆی مەراسیمەکە و لەبەردەم ئامادەبوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسدا، ئەو خەڵاتەی نەک بۆ خۆی، بەڵکو وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیی تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا پێشکەش بە 50 ملیۆن کورد و ملیۆنێک ئێزدی و تەواوی مرۆڤایەتی کرد.

لە مەراسیمێکی ڕازاوە و گەورەدا کە لە هۆڵی لانکسس ئارێنا لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژنە چالاکڤان و ڕۆژنامەڤانی کورد دیوزەن تەککال، کاتێک ناوی هێنرا و چووە سەر شانۆکە، ئامادەبووان بە چەپڵەڕێزانێکی گەرم پێشوازییان لێکرد.
دیوزەن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا هەستێکی زۆر خۆشی هەبوو، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شانازییە تەنیا بۆ کەسی ئەو نییە، بە دەنگێکی پڕ لە متمانەوە ڕایگەیاند، ئەو لەوێ وەستاوە بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی گەلەکەی و نوێنەرایەتی هەموو ئەوانە بکات کە باوەڕیان بە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی هەیە، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرباری هەموو ئەو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەر نەتەوەکەیدا هاتوون، هێشتا ژیان و نیشتمان و ئازادییان خۆشدەوێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر پرسی جینۆساید و لەناوبردنی مرۆڤایەتی، بەڵام هیوای خواست کە ئامادەبووانی مەراسیمەکە هەست بەو ڕۆحە زیندووە بکەن کە لە ناخیدا هەیە بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکاندا، دیوزەن باسی لەوەش کرد کە ڕاستە ڕێگری و ئاستەنگ زۆرن بۆ سەرخستنی دۆزی کوردستان و ئێزدییەکان، بەڵام ئەوان هەرگیز کۆڵ نادەن و لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن، چونکە ئەم خەڵاتە و ئەم سەکۆیەش بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامی کچانی کورد بە هەموو جیهان بگەیەنێت.
لەم مەراسیمەدا، جگە لە خەڵاتە مەعنەوییەکە، بڕی 10 هەزار یۆرۆش وەک هاوکاری بەخشرایە کار و پڕۆژەکانی، کە ئەمەش پشتگیرییەکی دیکەیە بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی کە دەیدات.

دیوزەن تەککال یەکێکە لە ژنە چالاکڤانە هەرە دیارەکانی تاراوگە، کە ساڵانێکە لە ڕێگەی کارە ڕۆژنامەڤانییەکان و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانییەوە شەڕێکی بێوچان بۆ مافەکانی کورد و بەتایبەت کچ و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی دەکات، ئەو هەمیشە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکاندا وەک باڵیۆزێکی نەبیستراوەکانی گەلەکەی دەردەکەوێت و هەوڵ دەدات پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکان و ئازادیی کوردستان بە جیهان بناسێنێت، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نوێیەش سەلمێنەری ئەو پێگە بەهێز و کاریگەرییە گەورەیەیە کە دیوزەن لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی ئەوروپی دروستی کردووە، وەک ژنێک کە لە نێو ئازارەکانەوە بووەتە سیمبولی هیوابەخشین.

 

 

___

بەرلین : ڕەوەندی کوردستانی بەشداری پرسەی وەرگێر و نوسەری گەورە مونزر جەم دەکەن

Harmn

کەناڵێکی ئیسرائیل:ڕووسیا دەزانێت سەرۆکی ئۆکرانیا لە کوێیە

Harmn

گوتاری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی سوید خوێندرایەوە 

KDC