KDC

وشە وەک دەرمانێک بۆ زامەکانی جەنگ و کۆچ..گفتوگۆیەک لەگەڵ سەروا عەزیز لەسەر هێزی ئەدەب و مۆسیقا

لە جیهانێکدا کە جەنگ و ئاوارەیی بەردەوام مۆتەکەی ڕۆحی مرۆڤن، نووسین و مۆسیقا دەبنە مەنزڵگەیەک بۆ پاراستنی ناسنامە و ساڕێژکردنی برینەکان، سەروا عەزیز، نووسەر و شاعیری کورد، لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە هەوڵ دەدات دەنگی کپکراوی نەوەکانی جەنگ بگەیەنێتە جیهان و ڕابردوو لە فەرامۆشی ڕزگار بکات.

سەروا عەزیز یەک لەو دەنگە زیندووانەی کە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی دەنووسێت و کارەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ژان و خۆڕاگریی مرۆڤی کوردن، بەرهەمەکانی ئەو نەک تەنها لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەڵکو هۆنراوەکانی کراونەتە مۆسیقا و لەسەر شانۆ جیهانییەکاندا پێشکەش کراون، ئەم گفتوگۆیە گەشتێکە بە ناو جیهانی فکری و هونەریی ئەم نووسەرەدا، کە تێیدا باس لە چۆنیەتی گۆڕینی زەبری دەروونی بۆ داهێنان، گرنگیی گێڕانەوەی چیرۆکی ئافرەتان و ڕۆڵی ئەدەب وەک پردێک لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.

سەروا عەزیز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لەلای ئێمە وەڵامدانەوەیان خزمەت بە رەوتی ئەدەبی کوردی و جیهانی و بەشێکیش لە مێژوو دەکات.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: وتاری کەسیی تۆ بە ناوی لە خۆڵەمێشەوە بۆ وشە، باس لە گۆڕینی برین و ناهاوسەنگییەکانی جەستە و دەروون دەکات بۆ هۆنەر و داهێنان، مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە ناخی ئێش و ئازارە زۆر قووڵەکانەوە مانا بە ژیان ببەخشێتەوە؟

 

سەروا عەزیز:  من باوەڕم وایە ئەگەر لەگەڵ هەر کوردێک دابنیشیت، چەندەها بەسەرهاتی ئاوارەبوون و جەنگ و مەرگی ئازیزانی هەیە بۆ گێڕانەوە، تەنانەت ئەوانەش کە ئەو کاتە لە دایک نەبوون یان منداڵ بوون، لە ڕێگەی بیرەوەریی باوان و باپیرانیانەوە میراتگری ئەو ئەزموونانە بوون، وتاری لە خۆڵەمێشەوە بۆ وشە چیرۆکی ڕاگوێزرانی خێزانەکەم بەهۆی جەنگەوە دەگێڕێتەوە و لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی وەک زامداربوونی جەستەیی و دەروونی دەکۆڵێتەوە، ئێمە ناتوانین زۆربەی ئەو کارەساتانەی بەسەرماندا دێن کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام دوای ئەوەی ڕزگارمان دەبێت، دەتوانین بڕیار بدەین چیرۆکەکانمان لە کوێدا کۆتاییان بێت، بۆ من، نووسین ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ئازار نەبێتە کۆتایی چیرۆکەکە، نووسین ناتوانێت ڕابردوو بسڕێتەوە، بەڵام دەتوانێت ئازار بگۆڕێت بۆ شایەتحاڵی، پەیوەندی و مانا، هەرچەندە برینەکان بە تەواوی سارێژ ناکات، بەڵام ئارامییەک دەبەخشێت بەوەی ڕزگاربووان دەنگی خۆیان بگەڕێننەوە و چیرۆکەکانیان لە ونبوون بپارێزن.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: هۆنراوەی پاشماوەی جەنگ ئاماژەیە بۆ زامێک کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش بەسەر دەروونەوە دەمێنێتەوە، تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەم گواستنەوەیەی زەبری دەروونی لە نێوان نەوەکاندا؟

 

سەروا عەزیز: هۆنراوەی پاشماوەی جەنگ لە بیرەوەرییەکانم دەربارەی باوکم لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق سەرچاوەی گرتووە، زانا و لێکۆڵەران بۆیان ڕوون بووەتەوە کە زەبری دەروونی دەکرێت بۆ چەند نەوەیەکی داهاتووش بگوازرێتەوە، کە پێی دەڵێن ترۆمای وەچەیی، وەک منداڵێکی خێزانێک کە باوانم لە جەنگ و ئاوارەیی ڕزگاریان بووە، زۆرێک لەو کاریگەرییە دەروونیانەم بۆ ماوەتەوە وەک دڵەڕاوکێ، ترس و خەم، باوەڕ ناکەم پەنابەران یان دوورخراوان بتوانن بە تەواوی لەم کاریگەرییە دەروونیانەی جەنگ ئازاد ببن، چونکە ئەم ئەزموونانە دەبنە بەشێک لە ناسنامەمان، بەڵام دەتوانین فێر ببین چۆن لەگەڵیاندا بژین بە شێوەیەک کە تەواوی ژیانمان پێیان پێناسە نەکرێت، بۆ من، نووسین یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی شێوە بەو بیرەوەریانە بدەم کە دەربڕینیان زۆرجار سەختە، تا لەوانیاندا ون نەبم و بتوانم زمانی ئازار وەربگێڕم بۆ وشە.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی:  هۆنراوەی چاکبوونەوە لە پڕۆژەی گۆرانییەکانی هاواری ئازادی بە کار هێنراوە و لە لایەن هونەرمەندان و ئۆپێرانووسانی بەناوبانگەوە پێشکەش کراوە، هەستت چۆن بوو کاتێک بینیت ئازاری مرۆڤی کورد بە زمانی شیعر و مۆسیقای نێودەوڵەتی دەبێتە هاوارێک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی؟

 

سەروا عەزیز: هۆنراوە هەمیشە دەگات بۆ ئەو شوێنانەی کە سەردێڕی هەواڵەکان هەرگیز پێی ناگەن، دەنگوباس زانیاری دەبەخشێت، بەڵام هۆنراوە دەچێتە ناو ئەو ژوورانەی دڵ کە سەرچاوەی هاوسۆزییە، وامان لێدەکات نەک تەنها ئازاری کەسێکی تر ببینین، بەڵکو بۆ چەند ساتێکیش بێت هەستی پێبکەین، کاتێک هۆنراوە بە زمانی مۆسیقا دەخوێندرێتەوە، هێزی سۆزداریی زیاتر دەبێت، چونکە مۆسیقا ڕۆح بە هۆنراوە دەبەخشێت، پڕۆگرامی هاواری ئازادی تایبەتە بە سەربوردەی پەنابەران و ئاوارەکان لەسەر بابەتەکانی نیشتمان، غەریبی، جەنگ و هیوای نوێ، وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانە لە شیعرەوە بۆ زمانی مۆسیقا لە لایەن ئاوازدانەران و گۆرانیبێژانی بەهرەداری نێودەوڵەتییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبوو، ئەم چیرۆکانە تەنها لەسەر کاغەز نەمانەوە، بەڵکو بوون بە دەنگی زیندوو لە هۆڵەکانی کۆنسێرتدا. وەک کوردێک شانازییەکی مەزنە کە هۆنراوەی چاکبوونەوەم بوو بە بەشێک لەم گەشتە هاوبەشە هونەرییە.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: هۆنراوەی چاکبوونەوە لە گۆڤاری دیوەکەی تری هیوا بڵاوکراوەتەوە کە تایبەتە بە کارەساتی ئاوارەکان و پەنابەران، ئەم پەیوەندییە چۆن دەبینیت و چۆن مۆسیقا و هونەر دەتوانن مرۆڤایەتیی هاوبەش بپارێزن؟

 

سەروا عەزیز: ۆر دەمێکە نووسین و هونەری کوردی لە خەیاڵی کولتووری جیهاندا شوێنی شیاوی بۆ تەرخان نەکراوە، وەرگێڕانی هۆنراوەکەم بۆ مۆسیقا و ئەنجامدانی لەسەر شانۆکانی جیهان بیرمان دەخاتەوە کە هونەر دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە سیاسەت تێیدا سەرکەوتوو نابێت، من باوەڕم وایە هونەر و مۆسیقا زمانێک دروست دەکەن کە سنوور و سیاسەت و تەنانەت زمانی دایکیشمان تێدەپەڕێنن و پێمان دەڵێن کە سەرەڕای جیاوازیی مێژوویی، هەستەکانمان هاوبەشن. گۆڤاری دیوەکەی تری هیوا بڵاوکراوەیەکی خۆبەخشی سەربەخۆیە بۆ دەنگی پەنابەران و کۆچبەران لە جیهاندا، ئەم گۆڤارە مرۆڤەکان وەک ئاوارە ناناسێنێت، بەڵکو بە داهێنان، خۆڕاگری و مرۆڤایەتییان دەناسێنێت، جێگای شانازییە کە کارەکەم شانبەشانی نووسەرانی نەتەوە جیاوازەکان بڵاو بووەوە.

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: لە هۆنراوەی زنجیربەنددا کە بۆ خاڵی گەورەت نووسیووتە، چۆن یادەوەرییە خێزانییەکانت گرێ داوەتەوە بە مێژووی گشتیی مرۆیی و مێژووی پڕ لە کارەساتی گەلەکەتەوە؟

 

سەروا عەزیز:  هۆنراوەی زنجیربەند وەک بیرەوەرییەک بۆ ژیانی خاڵی گەورەم سلێمان نووسراوە، کە وێنەی سەربوردەی زۆرێک لە کوردانی هاوتەمەنی خۆیەتی، خاڵە سلێمان و داپیرەم لە گوندێکی ئورمیە لەدایک بوون، کاتێک خاڵم تەنها چوار ساڵان بووە، خێزانەکەیان ناچار بوون ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبهێڵن بەهۆی پشتگیریکردنی باوکیان لە شۆڕشی سمکۆی شکاک، ئەوان سەرەتا بوونە ئاوارەی تورکیا و دواتر باشووری کوردستان و ڕووبەڕووی نەهامەتی و هەژاریی زۆر بوونەوە، ساڵانێک دواتر، خاڵم گەڕایەوە بۆ نیشتمان بەڵام لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیندانی کرا و ئەشکەنجە درا، کاتێک لەسەر باپیرانم دەنووسم، تەنها مێژوو ناگێڕمەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ژیانی تاکەکەسییانەوە ئازاری جەستەیی و دەروونی مرۆڤەکان وێنا دەکەم، هیوادارم خوێنەران تەنها مێژووی کورد نەبینن، بەڵکو ئەو مرۆڤایەتییە هاوبەشەش ببینن کە هەموومان دەبەستێتەوە.

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: سەردانی تۆ بۆ مۆزەخانەی هۆلۆکۆست پرسیارگەلێکی گەورەی لەسەر بێدەنگیی جیهان لە ئاست کارەساتی کورداندا لای تۆ دروست کردووە، نووسەر یان شاعیر چۆن دەتوانێت مێژووی قوربانیان بپارێزێت و بەرەنگاری ئەم بێدەنگییە ببێتەوە؟

 

سەروا عەزیز:  ئەزموونی کوردی و ڕووداوەکان بەسراونەتەوە بە مێژووی بێدەوڵەتبوونی ئێمەوە،بۆ زیاتر لە سەد ساڵە کورد دابەش بووە و ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و جینۆساید بووەتەوە، لە کاتێکدا کاردانەوەی نێودەوڵەتی زۆرجار دواکەوتوو و سنووردار بووە، ئەم بێدەنگییە برینەکانی قووڵتر کردووە، ئەدەب ناتوانێت شوێنی دادپەروەری بگرێتەوە، بەڵام دەتوانێت بەرەنگاری لەبیرچوونەوە ببێتەوە و دەنگی ئەوانە بپارێزێت کە مێژوو هەوڵی سڕینەوەی داون و ناو و ڕووخسار و هەست بگەڕێنێتەوە بۆ ڕووداوەکان، من کارەکەم وەک کردارێکی یادکردنەوە دەبینم، بە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە هیوادارم بەرەنگاری بێدەنگی ببمەوە و بیرەوەرییەکان بپارێزم، چونکە بەبێ بیرەوەری، گەیشتن بە دادپەروەری زۆر دژوارتر دەبێت.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی:  لە شیعرەکانتدا بۆ ئایشە شان، ئەو پەیوەندییە لە نێوان ڕێگریکردن لە گۆرانیگوتن بە زمانی دایک و بێدەنگکردنی ژنان چۆن دەبینیت؟ بۆچی ئایشە شان بووەتە سیمبولێکی گرنگ بۆ تۆ؟

 

 

سەروا عەزیز: من بە بیستنی چیرۆکی ئافرەتانی هاوتەمەنی دایکم گەورە بووم کە ستوونی خێزانەکانیان بوون لە کاتی جەنگ و ئاوارەییدا و ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی کولتووردا هەبوو، بەڵام هێشتا لە ژێر فشاری نەریتە پیاوسالارییەکاندا دەژیان، وەک گەلێکی بێدەوڵەت، کۆمەڵگای کوردی زۆرجار ناچار بووە سەرنجی لەسەر ڕزگاربوون و خەباتی سیاسی بێت، ئەمەش وایکردووە دەنگ و مافی ژنان پشتگوێ بخرێت، ئایشە شان بۆ من نموونەیەکی باڵای ئەم هاوپێچبوونی کێشانەیە، ئەو تەنها هونەرمەند نەبوو، بەڵکو هەموو شتێکی خستە مەترسییەوە تا بە زمانی دایکی گۆرانی بڵێت، ئەو لە غەریبی و هەژارییەکی زۆردا باجی ناسنامەکەی دا، دەنگی ئەو سیمبولی بەرخۆدانە،  پێویستە ئایشە شان تەنها وەک گۆرانیبێژ نەناسرێت، بەڵکو وەک سیمبۆلێکی جیهانی بۆ ئازادیی هونەری و مافی قسەکردن بە زمانی دایک بناسرێت، بێدەنگکردنی زمانێک، هەمیشە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی نەتەوەیەک، بە تایبەتی ژنان کە دەنگیان پەراوێز خراوە.

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: شیعری نامەیەک لە ڕۆژئاواوە لە گۆڤارە ئەمریکییەکاندا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، تۆ چۆن توانیت بەرەنگاری و خۆڕاگریی ڕۆژئاوا بگەیەنیتە دڵی خوێنەری ئەمریکی؟

 

سەروا عەزیز: کاتێک ئەو هۆنراوەیەم نووسی، مەبەستم لێکدانەوەی سیاسی یان گێڕانەوەی ڕووداوەکانی جەنگ نەبوو، بەڵکو دەمویست مرۆڤایەتیی ئەو خەڵکە بپارێزم کە ژیانیان تەنها دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان، زۆرێک لە وێنەکانی ناو هۆنراوەکە وەک ئەندامە بڕاوەکان نەک تەنها ئاماژەن بۆ توندوتیژیی جەستەیی، بەڵکو نیشانەی کوردستانیشن کە دابەش کراوە، دەمویست هۆنراوەکە لە سنووری ئەزموونی کوردیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو تاسەی لەبیرنەچوونەوە و پاراستنی کەرامەت کە هەستگەلێکی گەردوونین، نیشانی خوێنەری دەرەوە بدات، باوەڕم وایە خوێنەری ئەمریکی بەهۆی ئەم بنچینە هاوبەشەی مرۆڤایەتییەوە توانی پێوەندی لەگەڵ کارەکەدا دروست بکات، ئەدەب ناتوانێت نادادی کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام دەتوانێت بەرەنگاری بێدەنگی ببێتەوە.

 

 

ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: لە هۆنراوەی نزای نووسەری شاعیر ئیلیا کامینسکی، پێویستە بە زمانێک بدوێین کە هی خۆمان نییە،ئەم پەیوەندییە چۆن دەبینیت کاتێک بە ئینگلیزی دەنووسیت و دەنگی خۆت لە نێوان دوو کولتووردا دەدۆزیتەوە؟

 

سەروا عەزیز: دێڕی ئەو هۆنراوەیە زۆر هاودەنگمە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ بە کارەسات و ئازار، زۆرجار وای لێدەکات زمانێکی نوێ بدۆزێتەوە کە پێشتر نەیبیستووە، وەک نووسەرێکی کورد، زمانی دایکم هەڵگری یەکەم بیرەوەرییەکانمە، بەڵام زۆربەی هۆنراوەکانم بە ئینگلیزی دەنووسم بۆ ئەوەی چیرۆکی کورد لە سنوورەکانی خۆی تێپەڕێت. ئینگلیزی بووە بە ماڵێکی دیکە بۆ دەنگم، نەک جێگرەوەی زمانی کوردی، وەرگێڕانی کارەکەی ئیلیا کامینسکی بۆ کوردی مانایەکی تایبەتی هەبوو، چونکە هاودەنگییەکی زۆرم لە نێوان ئەزموونی ئۆکرانی و کوردی بینین لە خەبات بۆ پاراستنی زمان و ناسنامە لە دژی چەوساندنەوە، نووسین و وەرگێڕان فێریان کردم کە ئەدەب دەتوانێت پرد بێت لە نێوان کولتوورەکاندا و یارمەتیمان دەدات بزانین کە تاسەمان بۆ ئازادی و کەرامەت خواستی سروشتی و جیهانیین.

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

[email protected]

___

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ڕێککەوتننامەی جەزائیر

Harmn

هەشت وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری بە ئەندام بوونی ئۆکرانیا دەکەن

Harmn

لە کازاخستان ڕێوڕەسمێک بۆ ساڵیادی کارەساتی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو

Harmn