بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدان و قوربانیانی کارەساتی شنگال، هەردوو ڕێکخراوی کۆمەڵەی کوردانی جۆرجیا و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، مەراسیمێکی تایبەت و ماتەمینی لە شاری تبلیسی پایتەختی وڵاتی جۆرجیا بۆ ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی ڕێکدەخەن.
مەراسیمەکە بانگهێشتێکی کراوەیە بۆ ڕەوەندی کوردی و ئازادیخوازان تا پێکەوە زامەکانی ئەو برینە قووڵەی نەتەوەی کورد نوێ بکەنەوە.
بڕیارە مەراسیمەکە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 2ی ئاب، لە کاتژمێر 16:00ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
ناونیشانی شوێنی کۆبوونەوەکە دەکەوێتە شاری تبلیسی، شەقامی گالاکتیۆن تابیدزە ژمارە 20، لە ناوەندی ماڵی قەوقاز.
لە بەرەبەیانی 3ی ئابی ساڵی 2014، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشێکی بەرفراوان و دڕندانەیان کردە سەر قەزای شنگال و گوند و کۆمەڵگاکانی دەوروبەری کە زێدی مێژوویی کوردانی ئێزیدییە، لەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا، هەزاران هاووڵاتیی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژن و منداڵیش وەک دیل و کەنیزەک ڕفێندران.
هاوکات سەدان هەزار هاووڵاتیی دیکە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە چیای شنگال بکەن، کە بەهۆی گەرمای سەخت و نەبوونی ئاو و خۆراکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچووان و منداڵان لەسەر چیاکە گیانیان لەدەستدا، ئەم ڕووداوە جەرگبڕە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەژاند و دواتر لەلایەن چەندین وڵات و دامەزراوەی جیهانییەوە وەک تاوانی جینۆساید دژی مرۆڤایەتی ناسێنرا، ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە لە تاراوگە، هەوڵێکە بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی کەیسی شنگال و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە لە داهاتوودا.

