بە ئامادەبوونی دایک و باوکان و کەسایەتییە پەروەردەییەکان، ڕۆژی 16ی تەمموزی2026 لە شاری کرێفێڵدی وڵاتی ئەڵمانیا، ئاهەنگی کۆتاییهاتن و دەرچوونی قوتابییانی وانەی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، کە تیایدا دەیان منداڵی کورد بڕوانامەی فێربوونی زمانی دایکیان پێبەخشرا.

ئەم مەراسیمە ڕێکخراو و سەرنجڕاکێشە، بە هەماهەنگی و سەرپەرشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆنی زمانی کوردی ئامادەکرابوو، لە میانی ئاهەنگەکەدا، نزیکەی 40 قوتابی کە لەسەر ئاستی 12 قوتابخانەی جیاواز وانەی زمانی کوردییان خوێندبوو، لە پای هەوڵەکانیان خەڵاتکران و بڕوانامەی دەرچوونیان بەسەردا دابەشکرا.

هاودەم لەم بۆنەیەدا، خاتوو هایکە برۆدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی کۆمپاس، کە ناوەندێکی سەرەکیی وتنەوەی وانەی کوردییە، لە وتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە کردنەوەی پۆلەکانی فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد لە شاری کرێفێڵد. هەروەها تیشکی خستە سەر دەوڵەمەندیی کلتووری کوردی لە ڕووی جلوبەرگ و مۆسیقا و خواردنە تایبەتەکانییەوە، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ سەرجەم قوتابییەکان خواست.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، هەریەک لە خاتوو نەسرین عابدین و خاتوو شیرین ئاوان و لەزگین بۆتان وتەیان پێشکەش کرد. ئەوان دەستخۆشییەکی گەرمیان لە مامۆستا عومەر عەودی کرد بۆ ئەو ماندووبوون و دڵسۆزییەی لە پێناو فێرکردنی منداڵاندا کێشاویەتی، هاوکات سوپاسی ڕۆڵی گرنگ و هاندەری دایک و باوکانیان کرد کە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنی زمانی کوردی بوون، جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی زمانی زگماکی و بەها کەلتوورییەکان کردەوە بۆ نەوەکانی کورد لە تاراوگەدا.

ئاهەنگەکە چەندین بڕگە و چالاکیی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێشی لەخۆگرتبوو، لەوانە پێشکەشکردنی هۆنراوەیەکی کوردی لەلایەن دکتۆر مەمدوح وەکو نوێنەری خێزانەکان، کە بووە هۆی زیاتر گەرمکردنی کەشی ئاهەنگەکە، لە مەراسیمەکەدا، دوای بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پێشکەشکردنی خواردن، وەک پێزانینێک بۆ هەوڵە بێوچانەکانیان، هەریەک لە مامۆستا عومەر عەودی و خاتوو شیرین ئاوان خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

گرنگیدان بە زمانی کوردی لە وڵاتانی ئەوروپا و تاراوگە، هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە بۆ هێشتنەوەی پردی پەیوەندیی نێوان نەوە نوێیەکان و زێدی باوباپیرانیان، کردنەوەی خولەکانی فێربوونی زمان لە شارێکی وەک کرێفێڵد و گرنگیدانی ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەڵمانیا بەم بابەتە، نیشاندەری زیندوێتیی کەلتووری کوردی و هەوڵی بەردەوامی ڕەوەندی کوردییە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا، ئەم جۆرە چالاکییانە نەک تەنها منداڵان فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی دایکیان دەکەن، بەڵکو گیانی نەتەوەیی و هەستی شانازیپێکردن بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە ناخیاندا دەچێنن، کە ئەمەش بنەمایەکی بەهێزە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار و ڕۆشنبیر لە دەرەوەی وڵات.
کارزان حەیدەر

