لە سێیەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی کوردانی کەفکاز کە لە شاری ئەڵماتیی کۆماری کازاخستان بەڕێوەچوو، توێژەر ئاوات محەمەد عوسمان گەڵاڵی بە توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئەسیمیلاسیۆنی کوردانی ئازەربایجان بەشداری کرد.
توێژەر لە لێدوانێکدا تیشک دەخاتە سەر ئەنجامی بەشدارییەکەی و ئەو قۆناغە مێژووییانە ڕوون دەکاتەوە کە بوونەتە هۆی لەناوچوونی زمان و ناسنامەی کوردی لەو ناوچەیەدا.
ئاوات محەمەد عوسمان سەبارەت بە بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک توێژەرێک بە شانازییەوە نوێنەرایەتی کردووە و توێژینەوەیەکی تایبەتی لەسەر پرسی تواندنەوەی کوردانی ئازەربایجان پێشکەش بە ئامادەبووان کردووە.
ئەو توێژەرە باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتای توێژینەوەکەیدا چەمکی ئاسیمیلاسیۆنی بۆ ئامادەبووان شیکردووەتەوە و پێی وایە ئەم چەمکە بریتییە لە تواندنەوەی نەتەوەیەک یان گرووپێک لەناو کەلتوور و نەتەوەیەکی تردا بە جۆرێک کە زمان و نەریتەکانی لەدەست بدات.
سەبارەت بە کوردیش، پێی وایە ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی سیاسەتی دەوڵەتە فەرمانڕەواکان و بەکارهێنانی یاسا، پەروەردە و میدیا جێبەجێ کراوە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ لە ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان داببڕێنن.
بە پشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەکان، ئاوات محەمەد پڕۆسەی تواندنەوەی کوردانی ئازەربایجانی بۆ 3 قۆناغی سەرەکی پۆلێن کردووە. بە گوتەی ئەو توێژەرە کوردە، قۆناغی یەکەم دوای ڕووخانی دەوڵەتی شەدادییەکان دەستی پێکردووە کە تێیدا بەهۆی لاوازبوونی پێگەی کورد، زمانی ئازەری و تورکی جێگەی زمانی کوردییان گرتووەتەوە، ئەمەش زیاتر بەهۆی کارلێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هاوسەرگیرییەوە بووە نەک سیاسەتێکی زۆرەملێ.
لە باسی قۆناغی دووەمدا، توێژەر ئاوات تیشکی خستووەتە سەر سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت کە تێیدا پڕۆسەی تواندنەوە خێراتر بووە، هۆکارەکانیشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سوور لە ساڵی 1929 و ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردان لە ساڵانی 1937 و 1944 گەڕاندووەتەوە کە بوونەتە هۆی تێکچوونی یەکپارچەیی جوگرافیی کوردان.
هەروەها قۆناغی سێیەم کە بە سەختترین قۆناغ وەسفی کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991. ئاماژەی بەوە کردووە کە جەنگی یەکەمی قەرەباخ لە نێوان ساڵانی 1992 بۆ 1993 بووەتە هۆی دەرکردنی کوردان لە زێدی مێژوویی خۆیان لە ناوچەکانی لاچین و کەڵبەجار، هاوکات نەبوونی میدیا و قوتابخانەی کوردی و شاردنەوەی ناسنامەیان لە سەرژمێرییەکاندا، هۆکاری سەرەکیی خێراتربوونی ئەو پرۆسەیە بوون.
ئاوات محەمەد باسی لە کەشوهەوای کۆنفرانسەکە دەکات کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بووە و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و ئەکادیمیستان لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مێژوو و کەلتووری کورد کۆببوونەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی دووەم بۆ ئاهەنگێکی دۆستانە و یادکردنەوەی 60 ساڵەی تەمەنی هەژار شامیل تەرخان کرابوو، توێژەرە ستایشی میوانداریی گەرمی کوردانی کازاخستان دەکات و بە نموونەیەکی بەرزی یەکگرتوویی و ڕەسەنایەتیی وەسفیان دەکات.
ئاوات محەمەد عوسمان گەڵاڵی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی زمان و مێژوو بنەمای مانەوەی نەتەوەیە و داوای کردووە لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی و هەماهەنگیی دیاسپۆرای کوردەوە ئەو میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت، هاوکات سوپاسی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکەشی کرد بۆ سەرخستنی بۆنەکە.
کوردانی کەفکاز، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئازەربایجان و ئەرمینیا دەژین، خاوەنی مێژووییەکی دێرینن لەو ناوچەیە و لە سەدەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، کە دیارترینیان دامەزراندنی دەوڵەتی شەدادییەکان بووە لە سەدەی دەیەمدا، لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەتدا و لە ساڵی 1923، یەکەیەکی کارگێڕی بە ناوی قەزای کوردستان کە بە کوردستانی سوور ناسراوە بۆ کوردەکان دامەزرا کە ناوەندەکەی شاری لاچین بوو، بەڵام ئەم قەوارەیە تەنها دوای چەند ساڵێک و لە ساڵی 1929 بە بڕیاری سۆڤیەت هەڵوەشێنرایەوە، دواتر بەهۆی سیاسەتەکانی ستالین بۆ ڕاگواستنی نەتەوەکان و دواتریش سەرهەڵدانی ململانێ نەتەوەییەکانی وەک جەنگی قەرەباخ، کوردانی ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن، ئاوارەیی و پڕۆسەیەکی سیستماتیکی تواندنەوە بوونەوە، بە جۆرێک ئەمڕۆ تەنها ژمارەیەکی کەم لە کوردانی ئەو ناوچانە توانیویانە ناسنامە و زمانی ڕەسەنی خۆیان بپارێزن، کۆنفرانسەکانی تایبەت بە کوردانی کەفکاز هەوڵێکن بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردە کەلتوورییە و زیندووکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لەو ناوچەیەدا.

