شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی کەسایەتیی دیاری نەتەوەی کورد حوسێن بەدر ھەسۆیان ڕاگەیاند و ھاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری دەربڕی.
شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانییەوە پەیامەکەی ئاراستەی حەسەن ڕەمۆشی، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییە نێودەوڵەتییەکان و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو حوسێن بەدر ھەسۆیان کردووە، لە ناوەڕۆکی پەیامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی گرنگ و دڵسۆزانەی ئەو کەسایەتییە لەناو فیدراسیۆنەکە و کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی ھەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پێشخستنی لاوان و گەنجانی کورد. سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە بە خەمێکی گەورە بۆ ھەمووان وەسف دەکات و لەم کاتە سەختەدا خۆی بە ھاوبەشی خەمی بنەماڵە و خزم و دۆستانیان لە سەرتاسەری جیھان دەزانێت.
دەقی پەیامەکە :
بۆ برای بەڕێز حەسەن ڕەمۆشی، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییە نێودەوڵەتییەکان،
بۆ بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو حوسێن بەدر ھەسۆیان،
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خزمەتکاری نەتەوەی کورد، حوسێن بەدر ھەسۆیان-مان بیست.
حوسێن بەدر بە دڵسۆزی و فیداکاریی خۆی لەناو فیدراسیۆن و کۆمەڵگەی کوردیدا، ھەروەھا بە ھەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی گەنجان و لاوانی نەتەوەکەمان، وەک کەسێکی بەڕێز و خزمەتگوزار دەناسرایەوە،کۆچی دوایی ئەو بۆ ھەموومان جێگەی داخ و پەژارەیە.
لەم ساتە سەختەدا، ئێمە بەناوی سەرپەرشتیاریی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەتان و خزم و دۆستانتان لە ھەر شوێنێکی جیھان دەکەین، ئێمە خۆمان بە ھاوبەشی ئەم خەمەتان دەزانین.
لە خوای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبوو بە میھرەبانیی خۆی شاد بکات و جێگەی بەھەشتی بەرین بێت. خوای گەورە سەبووری و دڵنەوایی بە ئێوە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان ببەخشێت.
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی
لە بارەگای بارزانی
23.07.2026


