لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، رێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، کە تێیدا کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانیی بە نوێنەرایەتیی شەرمین بۆزئەرسلان جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و کۆڤان ئامێدی بەشدارییان کرد.
رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی ٩ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو، کە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی و درۆنی ڕژێمی ئێران لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ بۆ سەر بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر و سلێمانیی گیانیان لەدەست دا.
لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەشدارییان کرد و بەشداریبووان و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە پەیام و وتارەکانیان هێرشەکانی ڕژێمی ئێرانیان بەتوندی مەحکووم کرد، هەروەها هاودەردییان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەلایەن شەرمین بۆزئەرسلان جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن، خوێنرایەوە، کە لە پەیامەکەدا هێرشەکانی ڕژێمی ئێرانیان دژ بە هێزە کوردستانییەکان بەتوندی ئیدانە کرد و جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و هاوبەشیی نێوان کوردان کردەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێزەوە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و بەشداربووان دووبارە هێرشی مووشەکی و درۆنی ڕژێمی ئێرانیان ئیدانە کرد.

