KDC

چیرۆکی ناخهەژێنی منداڵێکی 9 ساڵانی ڕزگاربوو لە شاڵاوی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا

منداڵێکی ڕزگاربووی شاڵای ئەنفالکردنی بارزانییەکان، گەشتێکی پڕ لە ئازار بۆ ناخی مێژوویەکی ڕەش ئەنجام دەدات و چیرۆکی ئەو دوو وشەیە دەگێڕێتەوە کە لە ناو جەرگەی مەرگدا ژیانیان پێ بەخشییەوە.

داڤان یەحیا خەلیل، لە تەمەنی 9 ساڵیی منداڵیی خۆیدا، لەبری ئەوەی شاهێدی جوانترین دیمەنەکانی ژیان و خۆشییەکانی ژیانی منداڵیی خۆی بێت، بووە شاهێدی یەک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤ لە مێژوودا.

داڤان دەڵێت: ئەمڕۆ ئەم مێژووە تاڵە دەگێڕمەوە، هەست دەکەم هەموو برینە کۆنەکان جارێکی تر دەکولێنەوە، ڕێک 43 ساڵ لەمەوبەر، تەنها دوو وشەی سادە بوونە هۆکاری ئەوەی من ئێستا لێرە بم و بتوانم وەک شایەتحاڵێک بدوێم.

وەک خۆی دەگێڕێتەوە، لەو ڕۆژەدا من تەنها منداڵێکی 9 ساڵان بووم، لەبەردەم ئەفسەرێکی سوپای عێراقدا وەستابووم کە دارێکی دارینی بەدەستەوە بوو، لەو سەردەمەدا ئەوە دیمەنێکی باو بوو، بەڵام ئەو دارە بۆ من پێوەری مەرگ و ژیان بوو. ئەفسەرەکە دارەکەی بەکارهێنا بۆ پێوانەکردنی باڵام، دەیویست بزانێت ئایا هێندە گەورە بووم کە وەک پیاو ئەژمار بکرێم و ڕاپێچی بیابانەکانم بکەن، دوای ئەوەی سەیری کردم، تەنها گوتی باش نییە، من زۆر بچووک بووم بۆ ئەوەی ڕاپێچی نێو کاروانە ڕەشەکە بکرێم، ئەو دوو وشەیە منیان لەو دۆزەخە ڕزگار کرد کە هەزاران ڕۆحی بێتاوانی تێدا بردرا.

داڤان دەگێڕێتەوە، پێشتر لەو بەیانییە شومەی 31 ی تەمموزی 1983 دا، سوپای عێراق بە لۆرییە گەورەکانی دروستکراوی سۆڤییەت ڕژانە نێو ئۆردوگا زۆرەملێکان و وەک نێچیر هەرچی پیاو و کوڕی بارزانی هەبوو کۆیان کردنەوە، خێزانەکان لە چاوتروکانێکدا پارچەپارچە بوون، بێ ئەوەی کەس بزانێت چ کارەساتێکی گەورە لەو بیابانە بێدەنگانەدا چاوەڕێیان دەکات، دواتر ڕاستییەکان دەرکەوتن، زیاتر لە 8000 پیاو و کوڕی بارزانی بەرەو بیابانەکان بران، لەوێ بە گوللەی ڕەشاش کۆمەڵکوژ کران و شۆفڵەکان بە زیندوویی و مردوویی خاکیان بەسەردا کردن، کاتێکیش پرسیاریان لە سەدام حسێن کرد دەربارەی ئەو بارزانییانە، بەوپەڕی دڵڕەقییەوە گوتی: ئەوان خیانەتیان لە نیشتمان کردووە و بەرەو جەهەنەم ڕۆیشتوون.

ئەو منداڵە 9 ساڵییە ڕزگاربووەی دەڤەری بارزان کە ئێستا چیرۆکە ناخهەژێنەکانی ژیانی. دەگمەن بۆ منداڵەکانیشی باس دەکات نەوەک بۆ هەمووان، دەڵێت: ئەم تاوانە تەنها کوشتارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو من لە توێژینەوەکانمدا ناوم ناوە دروێنەی مرۆیی. ڕژێم بە پلانێکی داڕێژراو دەیویست نەوە لە دوای نەوەی پیاو و باوک و کوڕەکانمان لەناو ببات تا نەتەوەیەک بێ مێژوو و بێ بەرگری بهێڵێتەوە، ئامانجیان کوشتنی یادەوەری و شوناسی ئێمە بوو، چونکە گەلێک کە گەورە و چیرۆکخوان و سەرکردەکانی نەمێنن، ئاسانتر دەتوێتەوە، بەڵام وەک لە کتێبەکەمدا، کوردستان: جینۆساید و ژیانەوە، ئاماژەم پێداوە، گەلی کورد لەنێو ئەو خاک و خۆڵەمێشەدا سەری هەڵدایەوە، شوناسی خۆی پاراست و نەیهێشت مێژووەکەی لەژێر خۆڵی بیابانەکاندا بمرێت.

دەشڵێت: یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بۆ من تەنها خەم و گریان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بەرانبەر بەوانەی لە ژیاندا ماون، ئێمە لە دەرەوەی نیشتمان و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بین، دەبێت ئەم چیرۆکانە بە زیندوویی بهێڵینەوە، دروشمی جارێکی تر نا، نابێت تەنها قسە بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە کرداری ڕاستەقینە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم، ئەمڕۆ یادی ئەو 8000 مرۆڤە دەکەینەوە کە هەرگیز نەگەڕانەوە باوەشی دایکیان، یادی هەموو قوربانیانی جینۆسایدی کورد دەکەینەوە، با ڕێز لە یادی ئەوان بگرین، نەک تەنها بە وشە، بەڵکو بە پابەندبوون بە ڕاستی و دادپەروەری بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوومان، تا چیتر هیچ منداڵێک ژیانی بەند نەبێت بە دارێکی پێوانەی بکوژێکەوە.

 

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7/

[email protected]

 

___

ژمارەی قوربانیان و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئاشکراکران

Harmn

لەجیهاندا 10 دەوڵمەندترین کەس سامانیان بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر بەرزبۆتەوە

Harmn

ترامپ لە وەرزشێکدا بەرزترین پلەی بەدەست دەهێنێت کە ڕاهێنانی نەکردووە

KDC