بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران، لە شاری سلێمانی 13یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس بەرز ڕاگیرا و تێیدا لە پاڵ ناساندنی بەرهەمێکی نوێی ئەدەبی، پەردە لەسەر کارێکی هونەریی تایبەت لەسەر مەزارەکەی لادرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئابی 2026، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، هەوادارانی ئەدەب و بنەماڵەی شاعیر، یادی 13 ساڵەی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس لەسەر مەزارەکەی لە پارکی ئازادی بەڕێوەچوو.
لەم یادەدا چەند چالاکییەکی ئەدەبی و هونەری پێشکەش کران کە گوزارشتیان لە تەمەن و خزمەتە ئەدەبییەکانی ئەو شاعیرە دەکرد.
لە مەراسیمەکەدا کە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بنەماڵەی شاعیرەوە ڕێکخرابوو، کتێبێکی نوێی شێرکۆ بێکەس بە ناوی 73 بڵاوکرایەوە و ناساندنی بۆ کرا. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە گوزارشتە لەو 73 ساڵەی تەمەنی شاعیر کە لە پێناو نوێکردنەوەی زمانی کوردی و داهێنانی ئەدەبیدا بەسەری بردووە.
لە لایەکی دیکەی مەراسیمەکەدا، پەردە لەسەر تابلۆیەکی هونەریی ئاسنین لادرا کە لەلایەن ئاسنگەر و هونەرمەندێکی شاری سلێمانییەوە دروستکرابوو و لە نزیک ئارامگەکەی جێگیر کرا، وەک نیشانەیەک بۆ جێپەنجەی شاعیر لە مێژووی شارەکەدا.
ئامادەبووانی مەراسیمەکە بە دانانی تاجە گوڵینە و نێرگز لەسەر مەزاری شاعیر، وەسێتی شێرکۆ بێکەسیان بەبیرهێنایەوە کە داوای کردبوو لە دوای مردنی لە پارکی ئازادی و لە ناو جەرگەی خەڵکدا بنێژرێت، چالاکییەکان تەنها لەسەر ئارامگەکەی قەتیس نەمان، بەڵکو لە ناوەندە کلتوورییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە دەنگی و نووسراوەکانی، یادی ئەم شاعیرە ناودارە بەرز ڕاگیرا.
شێرکۆ بێکەس لە ساڵی 1940 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و کوڕی شاعیری ناسراو فایەق بێکەسە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی ڕوانگە و بە یەکێک لە پێشەنگەکانی شیعری نوێی کوردی دادەنرێت، لە ساڵی 1988 خەڵاتی توخۆڵسکی سویدی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و داهێنانی وەرگرت و بوو بە یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992، شێرکۆ بێکەس دوای تەمەنێکی پڕ لە بەرهەمی ئەدەبی و زیاتر لە 40 دیوانە شیعر، لە 4ی ئابی 2013 لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

