کەشتییەگەلی فەرەنسا و بەریتانیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا 157 کۆچبەریان لە خنکان رزگارکرد، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کاتی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا ئاگری گرت.
ئەمە بە گەورەترین پرۆسەی رزگارکردنی کۆچبەران لە ناوچەکە دادەنرێت لەوەتەی ساڵی 2008ەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی پارێزگاری پادێکالێ، بەلەمەکە لە سنووری ئاویی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە و بەو هۆیەوە سەرنشینەکان ناچار بوون خۆیان فڕێبدەنە نێو ئاوەکەوە. دەسەڵاتدارانی دەریایی فەرەنسا رایانگەیاند: کۆچبەرەکان لە ناوچەی نۆرماندی و لە گوندی کەناراویی ڤوللێرۆزەوە بەڕێکەوتبوون، هەروەها جەختیان کردەوە کە لەم رووداوەدا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
راپۆرتە دەریاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قاچاخچییەکان قەبارەی بەلەمەکان و ژمارەی سەرنشینەکانیان زیاد کردووە، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەلەمی 12 مەتری بینراون لە کاتێکدا پێشتر درێژییەکەیان لە نێوان 8 بۆ 10 مەتردا بووە، ئامارەکان دەریدەخەن تێکڕای ژمارەی کۆچبەران لە هەر بەلەمێکدا لە 26 کەسەوە لە ساڵی 2021، بۆ 65 کەس لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەرزبووەتەوە.
نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە قەرەباڵخترین رێڕەوەکانی کەشتیوانی لە جیهاندا دادەنرێت و بووەتە رێگەیەکی سەرەکی بۆ گەیشتنی کۆچبەران بە بەریتانیا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 41000 کۆچبەر لەم رێگەیەوە گەیشتنە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا، مەترسییەکانی ئەم گەشتە ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس، بە جۆرێک لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا 14 کەس و لە ساڵی رابردووشدا لانی کەم 29 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لەو نۆکەندەدا گیانیان لەدەستداوە.

