58 هەمین فێستیڤاڵی کولتوور و هونەری تەتوان بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بەردەوامە، لە فێستیڤاڵەکەدا ڕۆژانە چەندین سیمینار، کۆنسێرت، پێشانگەی کتێب و وێنە بەڕێوە دەچن، گەلێک نووسەری دەزگا جیاوازەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ستاندەکاندا کتێبەکانیان بۆ خوێنەران واژۆ دەکەن.
فێستیڤاڵەکە کە بە دروشمی (لە تەتوان کولتوور هەیە، هونەر هەیە، ئێمە هەین) لە 31ـی تەممووزدا دەستی پێکرد و بە جۆشێکی گەورەوە بەردەوامە، بڕیارە لە 9ـی ئابدا کۆتایی پێ بێت.
گەلێک نووسەر کتێبەکانیان واژۆ کرد
فێستیڤاڵی کولتوورو هونەر و کتێب بە سەرپەرشتی شارەوانیی تەتوان، پێشانگەی (فوئار) تەتوان و ڕێکخراوی (سەناتچای)بەڕێوە دەچێت، لە فێستیڤاڵەکەدا تا ئێستا گەلێک نووسەر لە ستاندەکانی وەشانخانەکانی (نوبەهار، سیتایڤ، لیس، بەلکی، دۆ، زارگ، ئارین، مۆری، ئار، دارا، ئارام، ڤێستا، لووڤی و J&J) کتێبەکانیان واژۆ کردووە. لەم دوو ڕۆژەی کۆتاییدا، چالاکیی واژۆکردنی کتێب و سیمیناری نووسەران بەردەوام دەبن.
هەندێک لەو نووسەرانەی بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە، یان لە سیمینارەکاندا ئامادە بوون و کتێبەکانیان واژۆ کردووە و لەم دوو ڕۆژەشدا بەردەوام دەبن بریتین لە:
ساڵح کەڤربڕی، میرزا محەممەد شیروەیی،بەدریخان ئەپۆزدەمیر، میراز ڕۆنی، دیبا کەسکین، ساڵحیە ئایاتا، دلاوەر زەراق، کەڤۆک مزگین، مولکیە تەکین، لەیلا میهریناز ئەنگین، سەروەت ئۆزکان، هەردەم مەروانی، وەیسی ئولگەن، ڕەشادێ شامۆ، ئازاد زال، مەحمەت گور، موحسین ئۆزدەمیر، مەحمەت ئەڤشار، فەیسەڵ یاجان، عەلی ئۆروچ، محەمەد ئەمین ساری، مەحمەت جان دەمیر، نەسلێهان ئورزوم، مەحمەت شاهین، نیزامەدین ئۆزتورک، عەبدولڕەحمان چاگان، ڕۆنی وار، موحتوڵڵا داگ و ئۆرهان ساکچی. بەشێک لەم نووسەرانە تا کۆتایی فێستیڤاڵەکە ئامادە دەبن و کتێبەکانیان واژۆ دەکەن.
ئەمڕۆ، واتە 8ـی ئابی 2026، واژۆکردنی کتێبەکان بەردەوامە. سەدوڵڵا تاشان و نەوزاد ئەنگین ئەمڕۆ؛ هەروەها ساڵح کەڤربڕی ئەمڕۆ و بەیانی (شەممە و یەکشەممە) لە ستاندی نوبەهاردا دێنە دیداری خوێنەرانیان و کتێبەکانیان واژۆ دەکەن، شایەنی باسە لە نێوان نووسەران و خوێنەراندا گفتوگۆ و مشتومڕی زۆر بەپێز و بەرهەمدار ئەنجام دەدرێن.
فێستیڤاڵەکە بووەتە مەیدانی کۆنسێرتەکانیش
لەلایەکی ترەوە، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا چەندین کۆنسێرت بەڕێوە چوون و لەم دوو ڕۆژەی کۆتاییشدا بەردەوام دەبن، ئەو هونەرمەند و گرووپانەی تا ئێستا چوونەتە سەر تەختەی شانۆ و ئەوانەی بڕیارە بچن بریتین لە:
شاهێ بەدۆ، نەسلێهان ئەدیش، سەرهادۆ، ڕووکەن یڵماز، مەحمەت ئەتڵێ، گرووپی ئاگری ژیان، دەلیل دیلانار، دیوانی دەنگبێژان (خالیدە، ئەڤین سندی، محەمەدی سەرهەدی)، گرووپی ڕەنگین، جەودەت باغجا، گرووپی ئاگری زەردەشت، ئەیلوول نازڵییەر، موراد دەمیر، سیا شەڤێ، سەروەت کۆکاکایا، ئایفەر دوزتاش، باژار، گرووپی ئەربانەی کاسێدژین، گرووپی هەڵپەڕکێی ژنانی ئارژین، مزگین توران، تارا مامێدۆڤا، سەردار جانان، کامکاران، ئیلکای ئاکایا و گرووپی ئامەد.
تەواوی ئەم چالاکییانەی تەتوان لە کەنارەکانی دەریاچەی وان بەڕێوە دەچن و لە ناو بەرنامەکەدا نیشاندانی فیلمیش جێگەی گرتووە.






Jar Jan Dilpola / Tetwan

