KDC

عەگید گابایل ناوی لە کتێبی زێڕینی بۆخومدا تۆمار دەکرێت

شاری بۆخومی ئەڵمانیا لە ڕێوڕەسمێکدا پێشوازیی لە پاڵەوانی جیهانیی بۆکسێن عەگید گابایل کرد و وەک رێزگرتن لە دەستکەوتە وەرزشییەکانی، ناوی ئەم یاریزانە کوردەی وەک یەکەمین کورد لە مێژوودا خستە نێو کتێبی زێڕینی شارەکەوە، گابایل کە هەڵگری ناسناوی پاڵەوانی جیهانە لە کێشی قورسدا، ئێستا وەک سیمبولی تێکەڵبوونی سەرکەوتووانەی ناسنامەی کوردی و دیسیپلینی ئەڵمانی دەبینرێت.

ئەم ئاهەنگگێڕانەی شاری بۆخوم بۆ عەگید گابایل لە کاتێکدایە کە عەگید لە مانگی 6ی ئەمساڵەوە پشتێنی پاڵەوانی جیهانی (WBC) لە کێشی قورسدا بەدەست هێناوە، ئەم دەستکەوتەی گابایل وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە وەرزشی ئەڵمانیادا هەژمار دەکرێت، چونکە دوای ساڵی 1932 و ماکس شمێلینگ، ئەو یەکەم یاریزانە لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بگاتە ئەو لوتکە جیهانییە.

لە مەراسیمی واژۆکردنی کتێبی زێڕینی شارەکەدا، شارەوانی بۆخوم ئاماژەی بەوە کرد کە گابایل نوێنەرایەتییەکی جوانی فرەکلتوریی شارەکەیان دەکات، یۆرگ لوکات، سەرۆکی شارەوانی بۆخوم، جەختی لەوە کردەوە کە شانازی بە عەگیدەوە دەکەن، چونکە ئەو بەبێ شاردنەوەی ناسنامە کوردییەکەی، وەک کوڕێکی وەفاداری بۆخوم و یاریزانێکی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا خۆی دەسەلمێنێت.

عەگید گابایل کە لە بۆخومدا گەورە بووە، ئەم پشتیوانییە جەماوەرییەی هاونیشتمانیانی و خەڵکی شارەکەی بە مۆتۆڕی سەرەکی سەرکەوتنەکانی دەزانێت، ئەو پێیوایە وەک گەنجێکی کورد کە نەتەوەکەی مێژوویەکی پڕ لە ئازاری هەبووە، دەیەوێت لە رێگەی وەرزشەوە ببێتە تیشکێکی هیوا بۆ هەمووان، گابایل سەرکەوتنەکانی بۆ تێکەڵکردنی هێزی کوردانە و پابەندبوونی ئەڵمانی دەگەڕێنێتەوە و شارەکەی خۆی بەو شوێنە دادەنێت کە هەموو دەرفەتەکانی سەرکەوتنی بۆ رەخساندووە.

هەوادارانی ئەو یاریزانە لە شوێنە دوورەکانی ئەوروپاوە ڕوویان لە بۆخوم کردبوو، لەنێو ئامادەبوواندا کەسانێک هەبوون کە زیاتر لە 13 کاژێر رێگەیان بڕیبوو تەنیا بۆ ئەوەی پشتیوانی لەم پاڵەوانە کوردە بکەن، کە بە لای ئەوانەوە عەگید تەنیا یاریزان نییە، بەڵکو مایەی شانازی و سەرکەوتنی گەلی کوردە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.

عەگید گابایل، یاریزانێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە و لە یەکێک لە قورسترین جۆرەکانی وەرزشی بۆکسێندا کێبڕکێ دەکات. تۆمارکردنی ناوی لە کتێبی زێڕینی شاری بۆخوم، کە بەرزترین رێزلێنانی مەدەنییە لەو شارەدا، دوای زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک دێت لە گۆڕەپانە جیهانییەکاندا، لە ئێستادا گابایل نەک تەنیا بۆ پاراستنی نازناوەکەی، بەڵکو بۆ نووسینەوەی لاپەڕەی نوێ لە مێژووی بۆکسێنی جیهانیدا خۆی ئامادە دەکات.

 

___

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا داوای خۆبەدەستەوادان لە سەربازانی ئۆکرانی دەکات

Harmn

نەرویج: چەندین پارتی کوردستانی بەڵێنی پاڵپشتی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دەدەن

Harmn

شێرکۆ ئەلیاسی پاڵەوانێتی لەشجوانی جیهانی بردەوە

KDC