KDC

فیلمی “بەهەشت نابینیت” کێبڕکێی ئۆسکار دەکات

فیلمە نوێیەکەی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا بە ناونیشانی “بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت” پێش نمایشی فەرمیی لەسەر فەرشی سووری ڤێنیس، توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکات و پێشوەختە سەرجەم بلیتەکانی پێشاندانی بفرۆشرێن.
ئەم بەرهەمە کە نوێنەرایەتی عێراق دەکات بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، سەرنجی بەرفراوانی میدیاکاران و کۆمپانیاکانی دابەشکردنی فیلمی لەسەر ئاستی جیهان بۆ لای خۆی راکێشاوە.
ئەم گرنگیدانە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە فێستیڤاڵی ڤێنیس زۆرتر بە ناوچەی نفوزی دەرهێنەرە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دادەنرێت، بەڵام فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بەهۆی گێڕانەوەی واقیعیانەی رەهەندە دەروونییەکانی جەنگ، توانیویەتی شوێنی خۆی لە خشتەی چڕی فێستیڤاڵەکەدا بکاتەوە، دەرهێنەری فیلمەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستنیشانکردنی فیلمەکەی بە کۆی دەنگ وەک نوێنەری عێراق لە ئۆسکار، دەنگدانەوەیەکی میدیایی گەورەی بۆ دروست کردووە و دڵخۆشی خۆشی نیشانداوە کە فیلمەکە وەک یەکێک لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی ئەمساڵی ڤێنیس تەماشا دەکرێت.
هەڵکەوت مستەفا پلانێکی گەورەی بۆ دەستپێکردنی کەمپەینی ئۆسکار لە 1ی ئۆکتۆبەرەوە داناوە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێبڕکێکردن لە هۆڵیود پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و لۆجستی بەهێز هەیە، ناوبراو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات هاوکاری بکەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی فیلمەکە لە کێبڕکێ جیهانییەکاندا، چونکە بەرهەمە سەربەخۆکان لە بەرامبەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سینەمادا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە.
لە ڕووی هونەرییەوە، ئەکتەری ناوداری نەرویجی تۆربیۆرن هار رۆڵێکی سەرەکی لەم فیلمەدا دەبینێت، ئەم ئەکتەرە شانازی خۆی بە بەشداریکردن لەو پڕۆژە کوردییەدا دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە تێکەڵکردنی ئاکشن و کێشمەکێشی دەروونی وایکردووە فیلمەکە جیاواز بێت لە بەرهەمە سەربازییە باوەکان، هار ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای گفتوگۆ لەگەڵ دەرهێنەر و تێگەیشتن لە رۆحی کارەکە، بەبێ دوودڵی بڕیاری بەشداریکردنی داوە و گەیشتن بە ڤێنیس و ئۆسکاری بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ستافی فیلمەکە ناوبردووە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی ڤێنیس، بینەرانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان لە 20ی ئەیلوولدا بینەری فیلمەکە بن، کە بڕیارە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە فەرمی نمایش بکرێت و دەرفەت بۆ هەوادارانی سینەما بڕەخسێنێت تاوەکو نوێترین بەرهەمی نێودەوڵەتیی ئەم دەرهێنەرە کوردە ببینن.

___

کەرنەڤاڵی سانت مارتن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

KDC

قوتابیانی بیانی لە ئۆکرانیا نازانن چی بکەن

Harmn

دوو پێكوته‌ كاریگه‌ریی خراپیان بۆ دڵ هه‌یه‌..ئه‌مریكا هۆشداریی دا

KDC