ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، بە پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 33 گەنجی کورد کە پێشتر لە وڵاتی لیبیا دەستبەسەر کرابوون، رزگار کران و بە سەلامەتی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەو گەنجانە کە بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگ لە بەندیخانەکانی لیبیادا بوون، لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا مابوونەوە. پڕۆسەی ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان دوای ئەوە هات کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، شوێنی دەستبەسەرکردنیانی دیاریکرد و رێکارە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی بۆ گەڕانەوەیان گرتەبەر.
تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەستبەجێ پشکنینی پزیشکییان بۆ گەڕاوەکان ئەنجامدا و دواتر رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، بە گەڕانەوەی ئەم گروپە، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە رزگار کراون، گەیشتە 335 کەس.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، دیاردەی کۆچکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە کەمی کردووە، بە جۆرێک لە 8 مانگی رابردوودا رێژەی کۆچکردن لە نێوان 37% بۆ 53% دابەزیوە.

