ڕاوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە سەردانێکیدا بۆ هەولێر، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە، لە چوارچێوەی یاداشتێکی بەرگریی دووقۆڵیدا، هاوبەشی و هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوانیان پێدەنێنە قۆناغێکی نوێوە.
ئێدوارد ئەهڵگرین، ڕاوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا، لە میانی گەشتەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە کۆبووەوە،کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە پرسی هاوئاهەنگیی ئەمنی، چاکسازی لە یەکەکانی پێشمەرگە و پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەهڵگرین لە پەیامێکیدا لە کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارییە سەربازی و جیۆپۆلەتیکییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، هەماهەنگیی نزیکی نێوان هاوبەشەکان پێویستییەکی لەپێشینەیە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکان و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی نائارامی و تێکدەرانە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بەرگریی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە، گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بوارەکانی گەشەپێدانی سەربازییان دەستنیشان کردووە و ڕێڕەوێکی دیاریکراویان بۆ کاری هاوبەش داڕشتووە، کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی بەرگریی دووقۆڵیی داهاتوودا لەگەڵ عێراق جێبەجێ دەکرێت، هاوکات پابەندبوونی لەندەنی بە هاوبەشییە مێژووییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایشی هاوبەش، خۆشگوزەرانی و ئاشتیی درێژخایەن.
پەیوەندییە سەربازی و مرۆییەکانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژوویەکی قووڵی هەیە کە بە تایبەتی لە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 و ڕۆڵی لەندەن لە پێکهێنانی پەناگەی ئارام و ناوچەی دژەفڕین دەستیپێکرد، پاشان لە شەڕی دژ بە تیرۆر و دەستپێکی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 بەدواوە بووە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردنی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە.
لە ئێستاشدا لەندەن وەک یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی تیمی چاکسازی و ڕاوێژکاری، لە نزیکەوە کار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی یەک سوپای یەکگرتووی نیشتمانیدا، سەردانی ئەم بەرپرسە باڵایە و ئاماژەدان بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی داهاتوو لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەسەر گۆڕینی شێوازی مانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵی بەردەوامە و بەریتانیا دەیەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێی سەربازیدا وەک هاوبەشێکی کاریگەر و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت.
لەو لینکەدا دەقی پەیامەکە ببینە..
https://www.instagram.com/reel/DdPKQjjoDiM/?stkn=MWs1dHY0Z2lleG1qbg%3D%3D

