KDC

کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکاندا بڵاوکرایەوە

پەرتووکی خاکێک و سێ ڕوانگە، کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکاندا،  لە زمانی ڕووسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی لە لایەن (د. سەرباز عزیز وەرتی)یەوە ئامادە و وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەچاپ گەیشت و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

پەرتووکەکە لە شەش بەش و چەندین تەوەر بە قەبارەی ٢٧٤ لاپەڕە پێکهاتووە.ئەم بەرهەمە تیشکدەخاتە سەر کار و ئەرشیفی سێ توێژەری ناوداری ڕوس: (یوری کارتسۆڤ، ڤاسیلی نیکییتین و مارگەریتە ڕودێنکۆ)، کە تێڕوانین و جیهانبینیان وەک بەردی بناغەی زمانەوانیی و ئیتنۆگرافیای کوردی لەسەر ئاستی جیهان دێتە هەژمار.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان 24 دکتۆر سەرباز وەرتی ئەوەی خستەروو، کە دۆزی کورد تا ئێستا وەک یەکێک لە هەرە دۆزە هەستیارەکانی سیاسەتی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. خوێنەر لێرەدا تەنیا ڕاستییەکی وشک و بێ گیان نابینێت، بەڵکو بە وەسفێکی زیندووی ژیانی ڕۆژانە، هەر لە شێوازی دروستکردنی ڕەشماڵەوە؛ تا دەگاتە ووردەکاریی بیروباوەڕە ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان ئاشنا دەبێت. وەرتی گووتیشی، ئەم پەرتووکە بەتەنیا  گێڕانەوەیەکی مێژوویی سادە نییە، بەڵکو توێژینەوە و گەشتێکی بەڵگەنامەییە، بۆ قووڵایی ئەو ڕاستیانەی کە ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکان ئاوێتەیەک لە زانیارییە بێوێنەکان دەربارەی ژیان، کەلتور و خەباتی سیاسی گەلی کورد و ڕەسەنایەتییان دەخەنەڕوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کوردستان بۆ ماوەی چەندین سەدە بۆ زۆرێک لە توێژەرانی ڕۆژئاوا وەک خاڵێکی نادیار مابووەوە، بەڵام قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتناسی ڕوسی، کە لە ڕوانگەی بایەخی زانستی و بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئیمپراتۆرییەت، دواتریش یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەخولایەوە، کۆمەڵێک زانیاری و داتای بێوێنەی کۆکردەوە، کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا بە خوێنەران ئاشنا دەکرێنەوە. ئەو سێ ڕوانگەیەی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، ڕەهەندە جیاوازەکانی بوونی کورد دەگرنەوە، ئەوانیش:

ڕوانگەی سەربازی-ستراتیژی و جوگرافی: (یوری کارتسۆڤ)، وەک ئەفسەری ئەرکانی گشتی و دیپلۆماتکارێکی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، وەسفێکی وردی بۆ جوگرافیای ناوچەکە، هەروەها پێکهاتەی هۆز و توانا سەربازییەکانی کردووە؛

ڕوانگەی دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی-کەلتوری: (ڤاسیلی نیکییتین)کە کونسوڵی پێشووی ڕوسیا بووە لە ئێران، هەروەها بە باوکی کوردناسی ناسراوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە ناو کوردژیاوە، شیکردنەوەی بۆ دەروونناسیی گەل، داب و نەریت، پێگەی ژن لە کۆمەڵگە، ئایین، دانیشتووان، سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و …تاد، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کردووە. کارەکەی “ڤەسیلی” وەک پردێک لە نێوان ژیانی خێڵەکی نەریتی و یەکەم هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک “کۆماری کوردستان لە مەهاباد و پەیمانی سیڤەر” دادەندرێت؛

ڕوانگەی ئەکادیمی و ئەدەبی (مارگەریتە ڕودێنکۆ): زانایەکی دیاری سەردەمی سۆڤییەت بوو، تەواوی ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستنووسە کوردییەکان لە گەنجینەکانی لێنینگراد (پیتەربورگی ئەمڕۆ) تەرخانکردووە. ئەو گەنجینەی ڕۆحی کوردمان بۆ دەردەخات، لە ئەفسانە دێرینەکانەوە تاوەکو بەرهەمەکانی”ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران” نیشانیدەدات کە کورد تەنها جەنگاوەری ئازا نین، بەڵکو گەلێکن خاوەن کەلتورێکی باڵا و میراتێکی ئەدەبیی دەوڵەمەندن.

وەرتی دەڵێت، ئەم کتێبە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد. ئەم بەرهەمە ئاراستەی مێژوونووسان، ڕۆژهەڵاتناسان، سیاسەتمەداران، ئەکادیمیستان، کوردناسان و هەموو ئەو کەسانە کراوە کە دەیانەوێت لە ڕۆحی ڕاستەقینەی کوردستان تێبگەن، ئەو خاکەی کە سەرەڕای سنوور و جەنگەکان، بۆ ماوەی هەزاران ساڵ ڕەسەنایەتیی خۆی پاراستووە. هەروەها بایەخی بەڵگەنامەیی زانیاریی زۆر ورد و دەگمەن لەخۆدەگرێت دەربارەی دابەشبوونی خێڵەکان، زمانی کوردی و باری ئابووریی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا.

لەم پەرتووکەدا سەرەڕای ئەوەی وەک وەرگێڕێک، زۆر بە ئامانەتەوە وەرگێڕان بۆ دەق و دەستەواژە و وشەکان لە ڕوسییەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی کراوە، و سودی زۆریش لە تەکنەلۆجیا وەرگیراوە، بەڵام تێبینیش لەسەر نوسینەکانییان هەبووە، وەلێ بیروبۆچوونی وەرگێڕ بەهیچ جۆرێک تێکەڵ نەکراوە، جگە لەو ڕونکردنەوانەی کە لە شێوەی پاراوێز وەک ئامادەکارێک و ڕوونکردنەوەیەکی زێدەتر بۆ تێگەیشتنی خوێنەران کراوە. لە کۆتایی پەرتوکەکەدا هەرسێ نوسەری کتێبەکان ناسێندراون، هەروەها وێنەکانیشییان لەسەر بەرگی دواوە خراوەتەروو، لەگەڵ ناونیشان و ناونانی ئەم پەرتوکە بەناوی (خاکێک و سێ ڕوانگە)یەکانگیرە.

د.سەرباز لە بارەی پەرتوکەکەی دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی ناوەڕۆکی وەرگێڕانەکە باسی: (ناسنامە، شوێنی جوگرافی، پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان، مێژوو و ڕەچەڵەک، ژمارەی دانیشتوان، دابەشبوونی کوردستان، ڕاپەڕینەکان، تایبەتمەندی کەسایەتی تاکی کورد، پێگەی ژن، شێوازی ژیان، ئایین، پەیماننامەکان، بزووتنەوە نەتەوەییەکان، فەرهەنگ و وێژە، زمان و زار، دیرۆک، خێڵەکان، ڕەچەڵەکی کورد، ناوی کوردستان، ئاژەڵداری، ڕاوکردن، کشتوکاڵ و دروێنە، کوێستان و گەرمێن،ئابووری، هۆشیاری نەتەوەیی، جەنگ و جیهاد، چیرۆک، حیکایەت و هۆنراوە، داب و نەریت، شارەستانییەت، فۆلکلۆر، سیسەتەمی دەرەبەگایەتی، سیاسەت و جیۆپۆلەتیک و …تاد) دەکات.

وەرگێڕ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پرۆسەی وەرگێڕان بەهۆی سروشتە ئاڵۆز و فرە ڕەهەندەکەیەوە، هەمیشە ئەگەری ناتەواوی تێدا بەدی دەکرێت،هەربۆیە بەرپرسیارێتی هەر هەڵە و کەموکوڕییەک دەخاتە ئەستۆی خۆی، چونکە بێخەوشی و تەواوەتی تەنیا بۆ پەروەردگارە.

 

* وەرگێڕ جگە لە توێژنەوە زانستییەکانی لە پسپۆڕی خۆی و چەندان نوسین لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، خاوەنی ئەم پەرتوکانەشە:

1- پەرتوکی وەرگێڕاوی جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن، ٢٠٢١؛

2- خاوەنی پەرتوکی پێداگۆجی مامۆستا، ٢٠٢٥؛

3- پەرتوکی وەرگێڕاوی خاکێک و سێ ڕوانگە کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکاندا، ٢٠٢٦.

___

پەیامی پیرۆزبایی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە

Harmn

به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا گەیشتە هەولێر

KDC

سوپای بەریتانیا هێزێکی سەربازی گرنگ ئاشکرادەکات

KDC