فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا پڕۆژەیەکی سەرتاسەری بۆ ئاسانکاری و فێرکردنی زمانی کوردی دەستپێکرد، کە منداڵان و گەورەساڵانی تاراوگەنشین لە سەرانسەری شارەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە منداڵانی کورد لە تاراوگە بتوانن بە شێوەیەکی بنەڕەتی زمانی دایکی خۆیان فێر بن و توانستە زمانەوانییەکانیان بەهێز بکەن، هاوکات بەپێی خواستی خێزانەکان، وانەکان بۆ گەورەساڵانیش پێشکەش دەکرێن.
بۆ ساڵی داهاتوو، فیدراسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ئەندامەکانیدا کار لەسەر پلانێکی فراوانتر دەکات، بە جۆرێک کە هەنگاو بە هەنگاو لە تەواوی شارەکانی هۆڵەندا ناوەند و قوتابخانەی فێرکردنی زمانی کوردی بکرێنەوە، تاوەکو دەرفەتی فێربوون بۆ زۆرترین ژمارەی خێزانە کوردەکان بە ئاسانی دەستەبەر بێت.
لە چوارچێوەی هەنگاوە پراکتیکییەکانیشدا، قوتابخانەی ئارمانج لە شاری ڕۆتەردام بە هاوکاریی کۆما ئارمانج کرایەوە، کە وەک ناوەندێک دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەشداربووان بە مەبەستی فێربوونی زمان و پتەوکردنی پەیوەندییان بە کولتووری نیشتمانییەوە. وانەکانی ئەم ناوەندە هەموو ڕۆژانی یەکشەممە لە کاتژمێر 18:00 تا 22:00 بە سەرپەرشتیی مامۆستایەکی زمانی کوردی بەڕێوەدەچن و دەرگای ناونووسین بەڕووی بەشداربووانی نوێدا واڵایە.
پاراستنی زمانی دایک لەنێو کۆمەڵگەی دیاسپۆرا، بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم خێزانە کوردەکان لە ئەورووپا دادەنرێت، بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ کە لە ژینگەیەکی بیستن و ئاخاوتنی جیاوازدا گەورە دەبن، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کەرتی پەروەردە و فێرکردنی وەک بوارێکی ستراتیژیی کارکردنی خۆی دیاری کردووە، ئەم هەڵمەتە نوێیەش بە دەستپێکی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەردەوام دادەنرێت بۆ ڕێگریکردن لە دابڕانی نەوەکانی داهاتوو لە ناسنامە و کولتووری کوردی.

