بە نوێنەرایەتیی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، شاندێکی نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی لە شاری یەریڤان سەردانی کینیاز حەسەنۆڤ، پەرلەمانتاری کوردیان لە ئەرمینیا کرد، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری 4 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، هاوکات تاوتوێکردنی پرسی یەکخستنی تواناکانی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات.
شاندەکە لە دکتۆر ڕێناس جانۆ، قەهرەمان عوسمان و تیتالێ کەرەم، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان پێکهاتبوو، لە دیدارەکەدا سڵاو و ڕێزی شفا بارزانی گەیەندرایە کینیاز حەسەنۆڤ و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکرا وەک نوێنەری پشکی پێکهاتەی کورد لە پەرلەمان.
هەروەها تیشک خرایە سەر کارنامەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردستانییانی تاراوگە لە چوارچێوەی ناوەندێکی هاوبەشدا، جەختیش لەوە کرایەوە کە خاڵە نەتەوەییەکانی وەک زمان، مێژوو، خوێن و ئاڵا دەبێت ببنە بنەمای یەکڕیزی و وەلانانی جیاوازییە ئایینی و مەزهەبییەکان، لای خۆشییەوە حەسەنۆڤ هاوڕایی و پشتیوانیی تەواوی بۆ ئەم هەوڵانە لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی کورد دووپات کردەوە.






