مێردمنداڵێکی تەمەن 11 ساڵی کورد بووەتە جێگەی سەرسوڕمانی دۆزەرەوەی بەهرەکانی تۆپی پێ لە بەریتانیا و ململانێیەکی بەهێزی لەنێوان گەورە یانەکانی ئینگلتەرا لەسەر دروست بووە.
ئادەم فارس، ئەو هێرشبەرە لێهاتووەیە کە بەهۆی خێرایی و زیرەکییەکەی لە یاریگادا، سەرنجی هەردوو یانەی چێڵسی و برایتۆنی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و ئێستاش چەندین یانەی ئیسپانی چاودێریی تواناکانی دەکەن.
ئادەم فارس کە بەڕەچەڵەک کوردە و خەڵکی شاری زاخۆیە لە باشووری کوردستان، لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و خەریکی داڕشتنی بناغەیەکی بەهێزە بۆ داهاتوویەکی گەورە لە جیهانی تۆپی پێدا، ئەو وەک یاریزانێکی هێرشبەر لە
ئەکادیمیای هاستینگ یونایتد دەستی بە درەوشانەوە کرد و زۆر خێرا بووە بزوێنەری سەرەکیی تیپەکەی.
توانا جەستەییەکانی و خێراییە سروشتییەکەی وایان کردووە کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانی یاریگا بکات، ئەمەش لە یاریی کۆتایی خولی رۆزەکلیکدا بەتەواوی دەرکەوت، لەو یارییە چارەنووسسازەدا، ئادەم توانی گۆڵی سەرکەوتن و نازناوەکە بۆ تیپەکەی مسۆگەر بکات، هاوکات خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
ئەم ئاستە بەرزە وای کرد چاودێرانی یانە گەورەکانی ئینگلتەرا بکەونە خۆیان، هەردوو یانەی چێڵسی و برایتۆن دەستبەجێ بانگهێشتیان کرد بۆ تاقیکردنەوە، ئەو بەهرەمەندە کوردە ماوەی 3 مانگ لەگەڵ یانەی چێڵسی و 2 مانگ لەگەڵ یانەی برایتۆن مەشقی کردووە و لەژێر چاودێریی وردی ڕاهێنەرانیاندایە، شارەزایانی تۆپی پێ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئادەم تەنها پشتی بە توانا جەستەییەکانی نەبەستووە، بەڵکو بەهۆی ژیری و بڕیاردانی خێرا و وردبینییە تەکنیکییەکانییەوە، وەک یاریزانێکی
پێگەیشتوو لە یاریگادا دەردەکەوێت.
لەپێناو زیاتر بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی تواناکانی، لە ئێستادا ئەم یاریزانە لە ئەکادیمیای ئەستۆن ڤێلا بەردەوامە لە ڕاهێنانەکانی، درەوشانەوەی ئادەم تەنها لە سنووری بەریتانیادا نەماوەتەوە، بەڵکو دەنگدانەوەی گەیشتووەتە ئیسپانیا و چەند یانەیەکی ئەو وڵاتەش دەستیان بە پرسیارکردن و کۆکردنەوەی زانیاری کردووە لەسەری.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەنگاوە خێرایانەی لەم تەمەنە کەمەدا بڕیویەتی، پسپۆڕانی وەرزشی پێشبینی دەکەن ئادەم فارس لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی تۆپی پێی ئەوروپا و ببێتە جێگەی شانازییەکی گەورە بۆ وەرزشی کوردستان و جیهان.
کارزان حەیدەر
