KDC

ڕێبین مارف بە پشتیوانیی سەرۆکی ناتۆ چاوی لە پەرلەمانی ھۆڵەندایە

لە چیرۆکێکی پڕ لە سەرکەوتن و ئیرادەدا، گەنجێکی کورد دوای 9 ساڵ کارکردنی بەردەوام لە ناوەندی بڕیاری ناوخۆیی ھۆڵەندا، ئێستا بووەتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی لە شاری ئارنھێم، ئەم سەرکەوتنە تەنھا لە چوارچێوەی ناوخۆییدا نەماوەتەوە، بەڵکو پەیوەندییە بەھێز و کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ناتۆ و وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا، دەرگایەکی گەورەی بۆ دروستکردنی لۆبییەکی ستراتیژی بۆ دۆزی کورد کردووەتەوە، لە ئێستاشدا ئامانجی گەورەی گەیشتنە بە پەرلەمانی ھۆڵەندا بۆ خزمەتکردنی زیاتری نەتەوەکەی.

ڕێبین مارف، کە ئەندامێکی چالاکی پارتی ڤی ڤی دییە لە ھۆڵەندا، ماوەی 9 ساڵە و بۆ 3 خولی یەک لە دوای یەک متمانەی دەنگدەرانی بەدەستھێناوە و وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری ئارنھێم کار دەکات، پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر خزمەتکردنیدا و بەشداریکردنی لە پرۆسەکانی ھەڵبژاردندا، لە دوایین ھەڵبژاردندا وەک سەرۆکی لیستی پارتەکەی دیاری کرا و توانی دەنگێکی زۆر بەدەست بھێنێت، ئەمەش وایکرد ڕاستەوخۆ ببێتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی لە ناو ئەنجومەنی شارەوانییەکەدا.

لە میانی دیدارێکیدا ڕێبین مارف ئاماژەی بە خەون و خولیاکانی بۆ داھاتوو کرد و نەیشاردەوە کە ئاواتی گەورەی ئەوەیە لەم گەڕەی ھەڵبژاردنەکاندا خۆی بۆ پەرلەمانی ھۆڵەندا کاندید بکات، ئەو پێی وایە گەیشتن بە پەرلەمان ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەھێزتر بۆ نەتەوەکەی، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانێت خزمەتی گەلەکەی و ھاوکات ھاووڵاتییانی ھۆڵەندا و سەرجەم پێکھاتە ژیاندۆستەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بکات.

ئەوەی پێگەی ئەم گەنجە کوردە زیاتر و تایبەتتر دەکات، پەیوەندییە سیاسی و کەسییە نزیکەکانییەتی لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی جیھان، ڕێبین پەیوەندییەکی زۆر گەرم و تایبەتی لەگەڵ مارک ڕوتە ھەیە، کە پێشتر سەرۆکی پارتەکەیان و بۆ چەندین خول سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا بووە و لە ئێستاشدا سەرۆکی ھاوپەیمانیی ناتۆیە، ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای ناسینی کەسی دروست بووە و مارک ڕوتە بە باشی دەزانێت کە ڕێبین کوردە، ئەم پەیوەندییە تایبەتە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی زیاتری پرسی کورد و جێگەی شانازییە بۆ ئەو گەنجە.

لە پاڵ ئەوەشدا، ڕێبین پەیوەندییەکی بەردەوام و زۆر باشی لەگەڵ خاتوو دیلان یەشیلگۆز ھەیە، کە ژنە سیاسەتمەدارێکی کوردی باکووری کوردستانە و کارەکتەرێکی زۆر بەھێزی ناو ھەمان پارتی سیاسییە و وەزیری بەرگریی حکومەتی ھۆڵەندایە، ئەم پەیوەندییە نزیکە وەک پردێکی گرنگ دەبینرێت بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتر و بەرەوپێشبردنی پرسە نەتەوەییەکان.

لە پای ئەم ھەوڵ و تێکۆشانە بەردەوامەی لە کایەی سیاسیدا، ڕێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھێزی گەنجی سەرکەوتوودا، خەڵاتی ڕێزلێنان و قەڵخانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێشکەش بە ڕێبین مارف کرد.

شاخەوان دوکانی لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە بە ڕێبین مارف، ھیوای بەردەوامی بۆ خواست وەک گەنجێکی نموونەیی و سەرکەوتوو، ھەروەھا پاڵپشتیی تەواوی ڕێکخراوەکەی بۆ دووپات کردەوە، لە بەرانبەریشدا، ڕێبین مارف سوپاسی ئەو پێزانینەی کرد و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ڕێکخراوی چەپکی بە ناوەندی بەھێز و جوان وەسف کرد کە چالاکیی جۆراوجۆر و ناوازە لە ھۆڵەندا ئەنجام دەدەن، ھاوکات ھیوای خواست دەیان گەنجی دیکەی کورد بێنە پێشەوە و بچنە ناو کایەی سیاسییەوە تا ببنە لۆبییەکی گەورە بۆ نیشتمان و کوردستان.

بەشداریپێکردن و سەرکەوتنی گەنجانی کورد لە کایەی سیاسیی وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندا کە خاوەنی پێگەیەکی سەنگین و کاریگەرە لە ناو یەکێتیی ئەوروپا و ھاوپەیمانیی ناتۆدا، وەرچەرخانێکی گەورە و مێژووییە لە شێوازی خەباتی دیپلۆماسیی کورد، گەیشتنی کەسایەتییەکی کورد بە پۆستە پێشەنگەکانی پارتی دەسەڵاتدار لە ناوەندی شارەوانییەکان و ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، لەگەڵ بوونی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە بڕیاربەدەستانی باڵای جیھانییەوە، سەنگێکی گەورە دەبەخشێتە ڕەوەندی کوردی، ئەم جۆرە پێگانە وادەکەن پرسی کورد لە قۆناغی سۆزدارییەوە بگوێزرێتەوە بۆ سەر مێزی بڕیاردانی نێودەوڵەتی، دروستکردنی لۆبیی کوردی لە ڕێگەی کارەکتەرە سیاسییەکانەوە لە ناو پەرلەمان و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، مۆدێرنترین و کاریگەرترین چەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و پەیداکردنی دۆستی ستراتیژی لە کاتی قەیرانەکاندا، کە ئەمەش ڕێک ھەمان ئەو سیاسەتەیە کە نەتەوە پێشکەوتووەکانی جیھان بۆ پاراستنی قەوارەکانیان پەیڕەوی دەکەن.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

 

___

ئێران قەدەغەی ڤیزای گەشتیاری هەڵدەگرێت

KDC

یەكێتیی ئەورووپا هەموو هاوكارییەكانی بۆ ئەفغانستان رادەگرێت

KDC

کریستیانۆ ڕۆنالدۆ لە مان یونایتد

KDC