زازا کلاشۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی جۆرجیا (ڕۆنایی) و ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی کۆنفیدراسیۆن، وردەکاریی بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی شایستەی بۆ یادی قوربانیانی کارەساتی شەنگال خستە ڕوو.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی جۆرجیا ڕایگەیاند: لە 2ی ئابی 2026، بە هاوبەشی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان و کۆمەڵەی ڕۆنایی، لە هۆڵی ماڵی قەوقاز لە شاری تبلیس، مەراسیمێکی ماتەمینی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی جێنۆسایدی 3ی ئابی 2014ی ئێزدییەکان ساز کرا.
کلاشۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، مەراسیمەکە بە بەشداریی فراوانی ئەندامانی ڕەوەندی کوردی، پێکهاتەی ئێزدی، گەنجان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆنایی باسی لەوە کرد، سەرەتای چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی قوربانیان دەستی پێکرد و دواتریش چەندین وتار پێشکەش کران، لەو وتارانەدا تیشک خرایە سەر ڕەهەندە تراژیدییەکانی کۆمەڵکوژییەکە، چارەنووسی نادیاری بێسەروشوێنبووان و ئەو گرفت و کێشانەی کە تا ئێستاش بەرۆکی ڕزگاربووانی گرتووە.
زازا کلاشۆڤ ئەوەشی خستە ڕوو، لە میانی مەراسیمەکەدا جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی مێژوویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە دژە مرۆییانە، ئاشکرای کرد کە ئامادەبووان هاوسۆزیی قووڵی خۆیان بۆ گەلی ئێزدی دووپات کردووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە پاراستنی یادەوەریی ئەم تراژیدیایە و گواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی هاوبەشی هەمووانە.
کلاشۆڤ سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتی و میوانانەی کرد کە بەشدارییان لە بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیانی بێتاوانی جێنۆسایدەکەدا کرد و هیوای خواست یادەوەریی شەهیدانی 3ی ئابی 2014 هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
جێنۆسایدی ئێزدییەکان لە 3ی ئابی 2014 کاتێک دەستی پێکرد کە چەکدارانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال و دەوروبەری، لەو هێرشەدا هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران ژن و منداڵیش ڕفێندران، ئەم تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک جێنۆساید ناسێنراوە و ساڵانە لە ناوخۆی کوردستان و لە وڵاتانی تاراوگە، ڕەوەندی کوردی بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر یادی قوربانیان بەرز ڕادەگرن و داوای دادپەروەری دەکەن.

