لە نێوان هەموو پەیماننامە سیاسی و دیبلۆماسییەکان کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم پەسند کران، پەیماننامەی لۆزان (1923) یەکێکە لە گرنگترین ڕێککەوتنەکان لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پەیماننامەیە ڕێکخستنێکی نوێی هێز و سنوورەکانی ناوچەکەی دامەزراند، و بەم هۆیەوە وەک سەرکەوتنێکی ستراتیژی بۆ زلهێزەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت. بەڵام بۆ نەتەوەی کورد، ئەم پەیماننامەیە نەک تەنها هیچ گەرەنتییەکی سیاسی یان مافی نەتەوەیی پێشکەش نەکرد، بەڵکوو بووە هۆکاری سەرەکیی پشتگوێخستنی پرسی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی.
لە مێژووی سیاسیی کورددا، پەیماننامەی لۆزان زۆرجار وەک نموونەیەکی ڕوون لە خیانەتی نێودەوڵەتی ناسراوە. ئەم بۆچوونە وای کردووە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە مێژووی نوێی کوردستاندا. بۆیە کاریگەری و ئەنجامە درێژخایەنەکانی ئەم پەیماننامەیە، تا سەدەیەک دوای پەسندکردنی، هێشتا بە شێوەیەکی دیار لە بارودۆخی سیاسی، نەتەوەیی و دیمۆگرافیی ناوچەکەدا دەبینرێن.

نووسەر لە کتێبەکەیدا، دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، هەوڵی داوە پرۆسەی دانوستانەکانی لۆزان، تێکەڵبوونیان بە بەرژەوەندییە زلهێزەکان، و شوێن و ڕۆڵی نەتەوەی کورد لەو پرۆسەیەدا بە شێوەیەکی زانستی شی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، کتێبەکە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە پێش توێژەر و خوێنەر:
ئایا مێژووی کوردستان دەتوانرا ڕێچکەیەکی جیاواز بگرێت ئەگەر پەیماننامەی لۆزان پەسند نەکرابا؟ هەروەها، ئایا ئەگەری پەیماننامەیەکی جێگیرەوە هەبوو کە بتوانێت پێکهاتەی سیاسی و دیمۆگرافیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی جیاواز ڕێکبخات؟ یان ناوچەکە هێشتا پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێی نێودەوڵەتیی هاوشێوەی لۆزان هەیە؟

هیوادارین ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە وەرچەرخانێکی نوێ بۆ نەتەوەی کورد و هەنگاوێک بۆ بەرەو دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی ، بە سەرکردایەتیی رابەری کورد سەرۆک بارزانی.
بۆ دەستکەوتنی ئەم کتێبە لینکی خوارەوە بەردەستە
