KDC

خەبات عەباس لە سێ وڵاتی ئەوروپا چیرۆکەکان بە مۆسیقا دەگێڕێتەوە

لەندەن – بەریتانیا
لە درێژەی کاروانە هونەرییەکانیدا لەسەر ئاستی جیهان، خانمە مۆسیقاژەنی کورد خەبات عەباس، بە ئامێرە تایبەتەکەی و بە شێوازێکی جیاواز لە ڕێساکانی مۆسیقای باو، گەشتێکی هونەری بۆ سێ وڵاتی ئەورووپا دەست پێ دەکات و زنجیرەیەک کۆنسێرت ساز دەکات.
گەشتە هونەرییەکان


بڕیارە خەبات عەباس، وەک ژەنیاری ئامێری چەلۆ، شانبەشانی چەندین مۆسیقاژەنی بەتوانای جیهانی، لە وڵاتانی بەریتانیا، دانیماڕک و ئەڵمانیا بەشداریی چەندین کۆنسێرت بکات،بەگوێرەی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، سبەی 4ی ئادار لە لەندەن یەکەم کۆنسێرت ساز دەکرێت، دواتر لە 13ی ئادار دەچێتە دانیماڕک و دواجار لە 19ی ئادار لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
ناوەڕۆک و فەلسەفەی کارەکان
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئاداری 2026، ئەو هونەرمەندە کوردە وردەکاریی بەشدارییەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد و ڕوونی کردەوە، لەم گەشتەدا بە سۆڵۆیەکی تایبەت بەخۆی دەردەکەوێت، ئامانجی سەرەکیی ئەو لەم کۆنسێرتانەدا، جووڵانەوەیە بە ئازادی لە نێوان هونەری دیاریکراو و ئەگەرە نوێیەکاندا، ناوبراو لە کارەکانیدا پشت بە شێوازی دەنگی کەنارەکان (Shores) دەبەستێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان و گەڕان بەدوای ئەو دەنگ و شوێنانەی تا ئێستا نەبیستراون و نەدۆزراونەتەوە.
تەکنیک و سەرچاوەی ئیلهام
خەبات عەباس کە بە بەکارهێنانی چەلۆی دەستکاریکراو و تەکنیکە فراوانەکان ناسراوە، ئاماژەی بەوە کرد، پارچە مۆسیقاکانی هەڵقوڵاوی دۆخە هەنووکەییەکان و یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵین، لە ڕێگەی کارەکانییەوە پرسیار لەبارەی ئەو سنوورانە دەکات کە لە دەرەوەی چوارچێوە باوەکانن و هەوڵ دەدات ئەو دەنگانە بخاتە ڕوو کە کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە، ئەمەش وەک دەرچوونێک لە دژی بەها و ڕێسا کۆنەکانی مۆسیقا تەماشا دەکرێت.

خەبات عەباس، ژەنیاری ئامێری چەلۆ و خەڵکی شاری سلێمانییە، ئێستا نیشتەجێی بەریتانیایە، ناوبراو خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و بەشداریی چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی نێودەوڵەتی کردووە و چەندین خەڵاتی تایبەتی بەدەست هێناوە، ئەمەش پێگەی ئەوی وەک مۆسیقاژەنێکی جیهانی و خاوەن ستایلی تایبەت جێگیر کردووە.

___

چەند وڵاتێکی ئەورووپی میکانیزمی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیخوان موسلین دادەنێن

KDC

بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوید ئافرەتێک وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی دیاریکرا

KDC

یانەی نەورۆز نازناوی خولی ئەمساڵیان بەدەستهێنا

nusar1