لە کاردانەوەیەکی توونددا دژی هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازی، نزیکەی 50 هەزار قوتابی لە 130 شار و ناوچەی جیاوازی ئەڵمانیا هۆڵەکانی خوێندنیان جێهێشت و رژانە سەر شەقامەکان.
خۆپێشاندەران کە لە رۆژی ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکرد، بە تووندی پلانەکانی حکومەت بۆ تەرخانکردنی سەدان ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی چەک رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە و قوتابخانە رووخاوەکان خەرج بکرێت نەک بۆ بەرەکانی جەنگ.
تووڕەیی گەنجانی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ساڵی 2026 یاسایەکی نوێی خزمەتی سەربازی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تیایدا سەرجەم ئەو کوڕانەی دەگەنە تەمەنی 18 ساڵی ناچار دەکرێن فۆرمێکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی توانای جەستەیی و ئارەزووی چوونە ناو سوپا پڕبکەنەوە، هەرچەندە حکومەت دەڵێت پرۆسەکە لەسەر بنەمای خۆبەخشییە، بەڵام قوتابیان پێیان وایە ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ سەپاندنی سەربازیی زۆرەملێ لەرێگەی پشکنینی پزیشکی و دواتریش راکێشانیان بۆ ناو سوپا، بەتایبەتی دوای ئەوەی راوێژکار فرێدریش مێرتس بە ئاشکرا ئاماژەی بە بەکارهێنانی بژاردەی زۆرەملێ کردبوو لە ئەگەری کەمیی ژمارەی خۆبەخشاندا.
ئەم هەنگاوانەی بەرلین بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوان بۆ بەهێزکردنەوەی سوپای وڵاتەکە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی رووسیا، گوشارەکانی ناتۆ و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی واشنتن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەکانی لە 184 هەزارەوە بۆ 260 هەزار بەرزبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت پلانی هەیە بودجەیەکی بێپێشینە بە بڕی 779 ملیار یۆرۆ تەرخان بکات تاوەکو خەرجییە سەربازییەکان تا ساڵی 2030 بگەیەنێتە رێژەی لەسەدا 3.5ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، کە دەکاتە دوو هێندەی خەرجییەکانی پێنج ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە.
لە بەرانبەر ئەم ئامادەکارییانەدا، گەنجانی ناڕازی لە شارە گەورەکانی وەک بەرلین، هامبۆرگ، بۆن و میونشن پێداگری دەکەن کە ئەوان نابنە سوتەمەنیی هیچ ململانێیەک و رەتیشیدەکەنەوە باجی ئامادەکارییەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی چەک بدەن. سەرەڕای ئەوەی فەرمانگەکانی پەروەردە هەڕەشەی سزادان و دەرکردنیان لە بەشداربووانی مانگرتنەکە کردووە، بەڵام بزووتنەوەی قوتابیان سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە گوشارەکانیان و رەخنەی توند لەو بڕیارە دەگرن کە حکومەت نیوەی بودجەی فیدراڵی بۆ کڕینی تانک و بۆمب خەرج دەکات، لە کاتێکدا وڵات بەدەست داڕمانی ژێرخانی قوتابخانەکان و کەمیی مامۆستاوە دەناڵێنێت.
کارزان حەیدەر
