لە کاردانەوەیەکی توونددا دژی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازی، نزیکەی 50 هەزار قوتابی لە 130 شار و ناوچەی جیاوازی ئەڵمانیا هۆڵەکانی خوێندنیان جێ هێشت و رژانە سەر شەقامەکان.
خۆپێشاندەران کە لە رۆژی ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا ناڕەزایەتییەکانیان دەست پێ کرد، بە توندی پلانەکانی حکوومەت بۆ تەرخانکردنی سەدان ملیار یۆرۆ بۆ کڕینی چەک رەت دەکەنەوە و داوا دەکەن ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی پەروەردە و قوتابخانە رووخاوەکان خەرج بکرێت نەک بۆ بەرەکانی جەنگ.
تووڕەیی گەنجانی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت، کە لە سەرەتای ساڵی 2026 یاسایەکی نوێی خزمەتی سەربازیی چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە تیایدا سەرجەم ئەو کوڕانەی دەگەنە تەمەنی 18 ساڵی ناچار دەکرێن فۆڕمێکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی توانای جەستەیی و ئارەزووی چوونە ناو سوپا پڕ بکەنەوە، هەرچەندە حکوومەت دەڵێت پرۆسەکە لەسەر بنەمای خۆبەخشییە، بەڵام قوتابییان پێیان وایە ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ سەپاندنی سەربازیی زۆرەملێ لە رێگەی پشکنینی پزیشکی و دواتریش راکێشانیان بۆ ناو سوپا، بەتایبەتیی دوای ئەوەی راوێژکار فرێدریش مێرتس بە ئاشکرا ئاماژەی بە بەکارهێنانی بژاردەی زۆرەملێ کردبوو لە ئەگەری کەمیی ژمارەی خۆبەخشاندا.
ئەم هەنگاوانەی بەرلین بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوان بۆ بەهێزکردنەوەی سوپای وڵاتەکە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی رووسیا، گوشارەکانی ناتۆ و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی واشنتن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەیەوێت تاوەکوو ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەکانی لە 184 هەزارەوە بۆ 260 هەزار بەرز بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت پلانی هەیە بودجەیەکی بێ پێشینە بە بڕی 779 ملیار یۆرۆ تەرخان بکات تاوەکوو خەرجییە سەربازییەکان تا ساڵی 2030 بگەیەنێتە رێژەی لەسەدا 3.5ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، کە دەکاتە دوو هێندەی خەرجییەکانی پێنج ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە.
لە بەرانبەر ئەم ئامادەکارییانەدا، گەنجانی ناڕازی لە شارە گەورەکانی وەک بەرلین، هامبۆرگ، بۆن و میونشن پێداگریی دەکەن، کە ئەوان نابنە سووتەمەنیی هیچ ململانێیەک و رەتیشی دەکەنەوە باجی ئامادەکارییەکانی حکوومەت و کۆمپانیاکانی چەک بدەن. سەرەڕای ئەوەی فەرمانگەکانی پەروەردە هەڕەشەی سزادان و دەرکردنیان لە بەشداربووانی مانگرتنەکە کردووە، بەڵام بزووتنەوەی قوتابییان سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە گوشارەکانیان و رەخنەی توند لەو بڕیارە دەگرن، کە حکوومەت نیوەی بودجەی فیدراڵی بۆ کڕینی تانک و بۆمب خەرج دەکات، لە کاتێکدا وڵات بەدەست داڕمانی ژێرخانی قوتابخانەکان و کەمیی مامۆستاوە دەناڵێنێت.
کارزان حەیدەر
