KDC

ڤیستیڤاڵی گرین مان 10 ساڵە مۆسیقا و هیوا دەبەخشێتە پەنابەران لە بەریتانیا

لە کاتێکدا بۆ زۆرێک لە گەنجان بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵەکانی مۆسیقا تەنها کات بەسەربردنە، ڤیستیڤاڵی گرین مان لە ناوچەی وێڵزی بەریتانیا ئەم ئەزموونەی کردووەتە دەروازەیەک بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و بەخشینی وزەی ئەرێنی بە پەنابەران.

لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەستپێشخەرییە کەم وێنەیە بووەتە لانکەیەک بۆ پێگەیاندن و تێکەڵکردنەوەی پەنابەران بە کۆمەڵگەی نوێ و فێرکردنی چەندین کارامەیی گرنگی ژیان.

بەرنامەکە کە باڵێکی خێرخوازیی ڤیستیڤاڵەکەیە، تا ئێستا باوەشی بۆ 191 پەنابەر و خوازیاری مافی پەنابەری کردووەتەوە کە لە 52 وڵاتی جیاوازەوە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە، زۆرینەی بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 28 ساڵیدایە و ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکەش تەنها ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو مەشقپێکردنێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی پەنابەران فێری دروستکردنی پەیوەندی، مامەڵەکردنی تەندروست لەگەڵ خەڵک و بەڕێوەبردنی کارەکان ببن.

ئەم پرۆژەیە کاریگەرییەکی زۆری دەروونی لەسەر بەشداربووان جێهێشتووە، بۆ نموونە گەنجانێکی وەک مینا و جاڤید کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەڵاتوون و مۆسیقا لایان قەدەغە بووە، ئێستا لەم ڤیستیڤاڵەدا نەک تەنها ئاشنای کلتووری بەریتانی دەبن، بەڵکو ترسیان دەڕەوێتەوە و خەمۆکی و وزە نەرێنییەکانی ڕابردوویان لێ دوور دەکەوێتەوە.

بە هەمان شێوە، پەنابەرانی وڵاتانی وەک ئۆکرانیا و میسر ئەم دەرفەتە وەک سەرەتایەکی گەش و هاندەرێک دەبینن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی خانەخوێ، شکاندنی بەربەستی شەرم، دروستکردنی هاوڕێیەتیی نوێ و دۆزینەوەی هەلی کار بەشێکن لەو بەرهەمانەی کە پەنابەران لە ڕێگەی ئەم ڤیستیڤاڵەوە چنیویانەتەوە، لە سەردەمێکدا کە جیاکاری و قسەی نەشیاو بەرانبەر بە پەنابەران دەکرێت، ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە پێیان وایە ئەم پرۆژەیە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پەنابەران کەسانێکن تەنها بە دوای ژیانێکی ئارامدا دەگەڕێن و لە بەرامبەریشدا دەتوانن خزمەتێکی گەورە بە کلتوور و کۆمەڵگەی نوێیان بکەن.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

 

___

ناوەندی بەلجیکا کۆڕێکیان بۆ نووسەر و هونەرمەندێکی کورد ساز دا

Xelan

بۆ چارەکردنی کێشەی پەنجەمۆر لیمۆ بەکار دەهێندرێت

KDC

ڕوسیاهێرشی بەرفراوانی بۆ کارگەی ئەزۆڤستال دەستپێدەکات

Harmn