لە کاتێکدا بۆ زۆرێک لە گەنجان بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵەکانی مۆسیقا تەنها کات بەسەربردنە، ڤیستیڤاڵی گرین مان لە ناوچەی وێڵزی بەریتانیا ئەم ئەزموونەی کردووەتە دەروازەیەک بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و بەخشینی وزەی ئەرێنی بە پەنابەران.
لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەستپێشخەرییە کەم وێنەیە بووەتە لانکەیەک بۆ پێگەیاندن و تێکەڵکردنەوەی پەنابەران بە کۆمەڵگەی نوێ و فێرکردنی چەندین کارامەیی گرنگی ژیان.

بەرنامەکە کە باڵێکی خێرخوازیی ڤیستیڤاڵەکەیە، تا ئێستا باوەشی بۆ 191 پەنابەر و خوازیاری مافی پەنابەری کردووەتەوە کە لە 52 وڵاتی جیاوازەوە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە، زۆرینەی بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 28 ساڵیدایە و ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکەش تەنها ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو مەشقپێکردنێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی پەنابەران فێری دروستکردنی پەیوەندی، مامەڵەکردنی تەندروست لەگەڵ خەڵک و بەڕێوەبردنی کارەکان ببن.
ئەم پرۆژەیە کاریگەرییەکی زۆری دەروونی لەسەر بەشداربووان جێهێشتووە، بۆ نموونە گەنجانێکی وەک مینا و جاڤید کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەڵاتوون و مۆسیقا لایان قەدەغە بووە، ئێستا لەم ڤیستیڤاڵەدا نەک تەنها ئاشنای کلتووری بەریتانی دەبن، بەڵکو ترسیان دەڕەوێتەوە و خەمۆکی و وزە نەرێنییەکانی ڕابردوویان لێ دوور دەکەوێتەوە.

بە هەمان شێوە، پەنابەرانی وڵاتانی وەک ئۆکرانیا و میسر ئەم دەرفەتە وەک سەرەتایەکی گەش و هاندەرێک دەبینن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی خانەخوێ، شکاندنی بەربەستی شەرم، دروستکردنی هاوڕێیەتیی نوێ و دۆزینەوەی هەلی کار بەشێکن لەو بەرهەمانەی کە پەنابەران لە ڕێگەی ئەم ڤیستیڤاڵەوە چنیویانەتەوە، لە سەردەمێکدا کە جیاکاری و قسەی نەشیاو بەرانبەر بە پەنابەران دەکرێت، ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە پێیان وایە ئەم پرۆژەیە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پەنابەران کەسانێکن تەنها بە دوای ژیانێکی ئارامدا دەگەڕێن و لە بەرامبەریشدا دەتوانن خزمەتێکی گەورە بە کلتوور و کۆمەڵگەی نوێیان بکەن.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
