لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) زانیاریی گرنگ و مەترسیداری لەسەر گۆڕانی شێوازەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئاشکرا کرد، لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان، تۆڕە تاوانکارییەکان بەردەوام شێوازی نوێ دەگرنەبەر، بەڵام لە بەرانبەردا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پشتنەبەستن بە داتاکانی ئینتەرپۆل، هەنگاوی خێرا و هاوبەش بۆ پاراستنی قوربانییان دەگرێتەبەر و بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی نەرم و ژیرانە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە دەبێتەوە.
راپۆرتە مەیدانییەکانی ئەم دواییە کە لەلایەن ئینتەرپۆلەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە ڕێڕەو و شێوازەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە گۆڕانێکی خێرادان، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چۆن تۆڕە تاوانکارییەکان بەردەوام خۆیان لەگەڵ دەرفەتە ئابوورییەکان، جووڵەی کۆچبەران و پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان دەگونجێنن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان.
لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەمدواییە تۆمارکراون، بریتین لە گواستنەوەی قوربانییانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بۆ ئەوروپا بە مەبەستی کارپێکردنی زۆرەملێ، هەروەها قۆستنەوە و بەکارهێنانیان لە کاری تاوانکاریدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت تێوەگلانیان لە ململانێ چەکدارییەکاندا.
ئامارەکانی ئینتەرپۆل جێگەی تێڕامانن، بەپێی داتاکان نزیکەی 10 لەسەدی قوربانییەکان ئەو منداڵانەن کە خەڵکی وڵاتانی کیشوەری ئەمریکان و بەداخەوە ڕووبەڕووی قۆستنەوەی سێکسی بوونەتەوە.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فێڵ و شێوازە نوێیانەی کە لەلایەن قاچاخچییانەوە بەکاردەهێنرێن، دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا هەڵمەتێکی هۆشیارییان بۆ هاووڵاتییانیان دەستپێکردووە، ئەم هەڵمەتە بەتایبەتی ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە زۆرجار بەهۆی ئۆفەری کاری ساختە و درۆزنانە لە دەرەوەی وڵات هەڵدەخەڵەتێندرێن، ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوەش کەمکردنەوەی مەترسییەکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لەو شێوازە باوانەی کە تاوانکاران بۆ خاپاندنیان بەکاریدەهێنن.
ئەم دەرەنجامانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر بەدەستهاتوون، کە لەژێر چەتری سەکۆی فرەپسپۆڕی ئەوروپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تاوانکارییەکان ناسراو بە ئیمپاکت ئەنجامدراوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پشتیوانیی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بە پاڵپشتی دارایی دەستپێشخەرییەکانی وەک ئێل پاکتۆ 2.0 و پڕۆژەی ئای فۆرسی سەر بە پۆلیسی ئینتەرپۆل بەڕێوەچووە.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا کۆمەڵێکی زۆر لە وڵاتانی کیشوەرە جیاوازەکان بەشدار بوون، لەوانەش، ئەلبانیا، ئەرجەنتین، نەمسا، بەلجیکا، بەلیز، بۆلیڤیا، بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا، بەڕازیل، بولگاریا، چیلی، کۆڵۆمبیا، کۆستاریکا، کرواتیا، چیک، دانیمارک، کۆماری دۆمینیکان، ئیکوادۆر، ئێلسالڤادۆر، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، گواتیمالا، هایتی، هەنگاریا، ئایسلەندا، ئیرلەندا، کۆسۆڤۆ، لاتڤیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، ماڵتا، مۆڵدۆڤا، مۆنتینیگرۆ، هۆڵەندا، نەیجیریا، مەقدوونیای باکوور، نەرویج، پەنەما، پاراگوای، پیرۆ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سڕبیا، سلۆڤێنیا، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، تایلەند، ئۆکرانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو، ئۆرۆگوای، ڤەنزوێلا و ڤێتنام.
