سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، شفا بارزانی، بەبۆنەی کەوتنەکاری ماڵپەڕی فەرمیی ڕۆژنامە و گۆڤاری مێژوویی ڕێیا تەزە – Rya Teze” (ryateze.net)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تیتال کەرەم سەیاد و ستاف و کارمەندانی ئەو دامەزراوەیە کرد.
شفا بارزانی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی مێژوویی ڕێیا تەزە و ڕادیۆی یەریڤان و ڕایگەیاند: ئەم دوو دامەزراوەیە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، نەک تەنها وەک دوو دەزگای ڕاگەیاندن، بەڵکوو وەک دوو قوتابخانەی مەزن لەپێناو پاراستنی زمان، کولتوور و ناسنامەی نەتەوەییدا جێگەی خۆیان کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەنج و ماندووبوونی ستاف و کارمەندانی ئەو دامەزراوانە لە ڕۆژە هەرە سەختەکاندا، وەک میراتێکی زێڕین لە یادەوەریی هەر تاکێکی کورددا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، هەروەها شفا بارزانی هەنگاوی کردنەوەی ماڵپەڕەکەی لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا، بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست وەسف کرد و گوتی:
“ئەم ماڵپەڕە دەبێتە پردێکی نوێ لە نێوان مێژووە پڕبەهاکەی ئێوە و نەوە نوێیەکاندا، هاوکات دەبێتە سەرچاوەیەکی ڕوون و زوڵاڵ بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئاشنای ڕەنج و خەباتی مێژووییتان ببن.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، پشتیوانیی بارەگای بارزانی بۆ هەر هەوڵ و کۆششێکی نەتەوەیی و کولتووری دووپات کردەوە و هیوای خواست کە ماڵپەڕی ryateze.net ببێتە درەوشانەوەیەکی نوێ لە گۆڕەپانی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا، و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ تیتال کەرەم سەیاد و تەواوی ستاف و ماندوونەناسانی ماڵپەڕەکە خواست.

دەقی پەیامەکەی شفا بارزانی:
بەڕێز تیتال کەرەم سەیاد
بەڕێوەبەر و کارمەندانی هێژای ڕۆژنامەی ڕیا تەزە و ڕادیۆی یەریڤان
سڵاو و ڕێز…
بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، هەواڵی کەوتنەکاری ماڵپەڕی ryateze.net مان بیست. من بە ناوی خۆم و بە ناوی سەرپەرشتیاریی گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز تیتال کەرەم سەیاد و تەواوی ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە بەشدارن لەم کارە پیرۆزەدا.
ڕۆژنامەی ڕیا تەزە و ڕادیۆی یەریڤان لە مێژووی نوێی گەلی کورددا نەک تەنیا وەک دامەزراوەی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەک قوتابخانەیەکی گەورەی پاراستنی زمان، کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی جێگەی خۆیان گرتووە، ئەو ڕەنجەی کە ئێوە لە سەختترین ڕۆژەکاندا بۆ زمانی کوردی و دۆزی کوردایەتی کێشاوتانە، لە یادەوەریی هەموو کوردێکدا زیندووە و وەک میراتێکی زێڕین دەپارێزرێت.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە جیهان بەرەو دیجیتاڵیبوون دەچێت، کردنەوەی ئەم ماڵپەڕە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویستە، ئەم ماڵپەڕە دەبێتە پردێکی نوێ لە نێوان مێژووی پڕبەهای ئێوە و نەوەکانی نوێدا، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی ڕوون بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئەوەی دەستیان بە ڕەنجە مێژووییەکەی ئێوە بگات.
ئێمە وەک بارەگای بارزانی و سەرپەرشتیاریی ڕەوەندی کوردستانی، هەمیشە بە شانازییەوە دەڕوانینە کارەکانتان و پشتیوانی هەر هەوڵێکی نەتەوەییتانین.
هیوادارین ماڵپەڕی ryateze.net ببێتە هیوایەک و ڕووناکییەکی نوێ بۆ گۆڕەپانی ڕووناکبیری و ڕاگەیاندنی کوردی، بۆ بەڕێز تیتال کەرەم سەیاد و تەواوی هاوڕێکانی، هیوای گەورەترین سەرکەوتن دەخوازم.
هەر بژین و سەرفراز بن.
لەگەڵ ڕێز و سڵاودا
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی
