لە گەرمەی پەلامارەکانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردا، نامەیەکی بەپەلە و هۆشداریدەری رەوەندی کوردی لە فەرەنسا، کۆشکی ئەلیزێی هێنایە سەر هێڵ و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لێ کەوتەوە.
دەستوەردانی خێرای سەرۆکایەتیی فەرەنسا نەک تەنها هێرشەکانی راگرت، بەڵکو پاریس بووە ئەندازیاری رێککەوتنێکی مێژوویی و بەڵێنی داوە کە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا بە یەکجاری جێگیر بکات.
دیپلۆماسییەتی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات سەلماندی کە دەتوانێت لە کاتی قەیرانە قووڵەکاندا رۆڵی رزگارکەر و یەکلاکەرەوە ببینێت.
عەبدولجەبار شاهین، سەرۆکی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە فەرەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی وردەکاریی ئەو ساتەوەختە چارەنووسسازانە دەخاتە روو، ئەو ئاماژە بەوە دەکات، رێک لە کاتی هەڵکشانی مەترسییەکان و دەستپێکی هێرشی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بە ناوی فیدراسیۆنەکەیانەوە نامەیەکی فریاگوزاریی خێرایان ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە، بۆ ئەوەی دەستوەردانی بەپەلە بکات و رێگری لەو کۆمەڵکوژییە بکات.

نامەکە هەڵگری پەیامێکی روون و رژد بووە، بە بیر دەوڵەتی فەرەنسای هێناوەتەوە کە گەلی کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی و بێهاوتا بووە لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا، بۆیە جێهێشتنیان لەبەردەم پەلاماری چەکدارەکاندا هەڵەیەکی مۆڕاڵیی گەورەیە، لە نامەکەدا سێ داواکاریی سەرەکی خرابوونە روو، ئەوانیش: راگەیاندنی ئاگربەستی خێرا و گشتگیر، پێکهێنانی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد، هەروەها بەستنەوەی ئایندەی پەیوەندییەکانی پاریس و دیمەشق بە رێزگرتن لە مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتەدا.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە جەرگەی قەیرانەکەدا بێ وەڵام نەمایەوە و کاردانەوەی خێرای کۆشکی ئەلیزێی بەدوادا هات، لە وەڵامێکی فەرمیدا کە لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لەلایەن وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنساوە بۆ عەبدولجەبار شاهین نێردراوە، حکوومەتی پاریس وەڵامێکی ئەرێنی و مێژوویی دەداتەوە، لە پەیامەکەدا هاتووە کە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، فەرەنسا بەردەوام جەختی لە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کردووەتەوە کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بپارێزێت.
حکوومەتی فەرەنسا پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کاتێک هێرشەکان بۆ سەر حەلەب و دواتر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستیان پێکرد، پاریس دەستبەجێ کەوتووەتە جووڵە.
وەک عەبدولجەبار شاهین ئاشکرای دەکات، سەرۆکی فەرەنسا پێی راگەیاندوون کە ئەوان راستەوخۆ رێگرییان لە فراوانبوونی هێرشەکان کردووە، بە جۆرێک ئیمانوێل ماکرۆن خۆی لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندی بە هەریەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە بۆ راگرتنی شەڕەکە.

بەرهەمی ئەم دەستوەردانە خێرایە، واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنەوە بوو لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە تێیدا بۆ یەکەمجار بە فەرمی دان بە مافە مەدەنی و کولتوورییەکانی کوردی سووریادا نرا.
پاریس بەڵێنی داوە چاودێرێکی وردی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بێت، چونکە هێشتا کورد وەک هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیژیی زیاتر لە دە دەیەی رابردووی خۆی دەبینێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە ئەم پێشهاتانە بە دەستکەوتێکی گەورەی دیپلۆماسی بۆ کورد دەزانێت و دووپاتی دەکاتەوە، ماکرۆن بەڵێنی پشتیوانیی بێسنووری بۆ مافەکانی کورد داوە و کار بۆ ئەوە دەکات ناسنامە و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێت، تاوەکو رۆژئاوای کوردستان بۆ هەمیشە لە هەڕەشەی سەربازی و سڕینەوە پارێزراو بێت.
لە پاڵ ئەم هەنگاوە سیاسییانەدا، فەرەنسا بەردەوامە لە پشتیوانییە مرۆییەکانی، کە لە ئێستادا لە رێگەی پرۆژەی ئابووری و کشتوکاڵییەوە بوژانەوەی بۆ ژیانی زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس لە ناوچەکەدا دەستەبەر کردووە.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

