رەوەندی کوردی لە وڵاتی نەرویج ئامادەکاری بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان دەکەن بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵڕۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ساڵی 2017، ئەم چالاکییە وەک ئاماژەیەک بۆ دووپاتکردنەوەی پەیامی ئازادیخوازیی گەلی کورد و وەبیرهێنانەوەی ئەو پرۆسە مێژووییە رێکدەخرێت.
بڕیارە رۆژی هەینی، رێکەوتی 25 ئەیلوولی 2026، کاژێر 18:00 بۆ 20:00ی ئێوارە، گردبوونەوەکە لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی نەرویج (ستۆرتینگێت) لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت بەڕێوەبچێت، رێکخەرانی چالاکییەکە دروشمی (دەنگی گەل بۆ ئازادی) بۆ ئەم یادە هەڵبژاردووە و ئامانجیانە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ویست و داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد ڕابکێشن.
چوار دامەزراوە و فیدراسیۆنی سەرەکیی کوردی لە نەرویج سەرپەرشتی ئەم چالاکییە دەکەن، کە پێکدێن لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆری کوردی، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە نەرویج (FKKN)، فیدراسیۆنی ڤارین و ناوەندی کولتووریی کوردی لە ئۆسلۆ، بەرنامەی یادەکە هەمەجۆر دەبێت و چەندین گوتار و پەیامی سیاسی، چالاکیی هونەری و کولتووری، موزیکی زیندوو و هەڵپەڕکێی کوردی لەخۆدەگرێت.
رێکخەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی کوردانی تاراوگە لە دەوری دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان، هەروەها دەیانەوێت لە رێگەی ئەم چالاکییەوە پەیامی سەربەخۆیی و دادپەروەری بە گوێی بەرپرسانی وڵاتی نەرویج و جیهاندا بگەیەنن.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25 ئەیلوولی 2017 ئەنجامدرا، کە تێیدا زۆرینەی هەرە زۆری بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، هەرچەندە ئەو پرۆسەیە لە رووی سیاسییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووەوە، بەڵام بۆ کوردانی تاراوگە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەربڕینی ویستێکی نەتەوەیی ماوەتەوە و ساڵانە لە شارە جیاوازەکانی ئەوروپا بە چالاکیی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.


