KDC

کوردانی  نیشتەجێی نەرویج لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەنەوە

رەوەندی کوردی لە وڵاتی نەرویج ئامادەکاری بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان دەکەن بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵڕۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ساڵی 2017، ئەم چالاکییە وەک ئاماژەیەک بۆ دووپاتکردنەوەی پەیامی ئازادیخوازیی گەلی کورد و وەبیرهێنانەوەی ئەو پرۆسە مێژووییە رێکدەخرێت.

بڕیارە رۆژی هەینی، رێکەوتی 25 ئەیلوولی 2026،  کاژێر 18:00 بۆ 20:00ی ئێوارە، گردبوونەوەکە لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی نەرویج (ستۆرتینگێت) لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت بەڕێوەبچێت، رێکخەرانی چالاکییەکە دروشمی (دەنگی گەل بۆ ئازادی) بۆ ئەم یادە هەڵبژاردووە و ئامانجیانە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ویست و داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد ڕابکێشن.

چوار دامەزراوە و فیدراسیۆنی سەرەکیی کوردی لە نەرویج سەرپەرشتی ئەم چالاکییە دەکەن، کە پێکدێن لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆری کوردی، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە نەرویج (FKKN)، فیدراسیۆنی ڤارین و ناوەندی کولتووریی کوردی لە ئۆسلۆ، بەرنامەی یادەکە هەمەجۆر دەبێت و چەندین گوتار و پەیامی سیاسی، چالاکیی هونەری و کولتووری، موزیکی زیندوو و هەڵپەڕکێی کوردی لەخۆدەگرێت.

رێکخەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی کوردانی تاراوگە لە دەوری دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان، هەروەها دەیانەوێت لە رێگەی ئەم چالاکییەوە پەیامی سەربەخۆیی و دادپەروەری بە گوێی بەرپرسانی وڵاتی نەرویج و جیهاندا بگەیەنن.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25 ئەیلوولی 2017 ئەنجامدرا، کە تێیدا زۆرینەی هەرە زۆری بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، هەرچەندە ئەو پرۆسەیە لە رووی سیاسییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووەوە، بەڵام بۆ کوردانی تاراوگە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەربڕینی ویستێکی نەتەوەیی ماوەتەوە و ساڵانە لە شارە جیاوازەکانی ئەوروپا بە چالاکیی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.

 

___

سوید: جێگرێکی دادوەرێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی بە تێوەگلان لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی تۆمەتبار دەکات

KDC

کۆنفرانسی دامەزراندنی فدراسیۆنی هۆڵەندا بەڕێوەچوو

Harmn

بۆمبێک بە کاروانی هێزێکی هاوپەیمانان دەتەقێتەوە

KDC