KDC

ڕزگار حیسۆ کۆتاییهاتنی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی لە ئەڵمانیا ڕادەگەیەنێت

ڕزگار حوسێن ناسراو بە حیسۆ، توێژەر و ئەندازیاری شارستانی و کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) بۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی شاری ئۆڵدنبۆرگ، کۆتاییهاتنی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند و وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ هاووڵاتییان، داوای کرد لە ڕێکەوتی 13-09 بە دەنگەکانیان پێکەوە بەرەو گۆڕانکاری، پێشکەوتن و بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێن.

لە پەیامێکدا هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی چالاکییە مەیدانییەکانی ڕۆژی شەممەدا، ڕزگار حیسۆ سوپاسی دڵسۆزانەی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە کرد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا یاوەری بوون و پاڵپشتییان لێ کردووە، رزگار ڕایگەیاند کە متمانەی هاووڵاتییان بۆ ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی گەورەیە تاوەکو بەڵێنەکانی بکاتە کردار، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕۆژی دەنگدان لە 13-09 دەنگی هەر هاووڵاتییەک کێش و بەهای چارەنووسسازی خۆی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.

ڕزگار حیسۆ نوێنەرایەتیی نموونەیەکی دەگمەنی تێکەڵکردنی توانای ئەکادیمی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی دەکات، لەدایکبووی ساڵی 1992ـی گوندی چەلەبی سەر بە شاری کۆبانێیە، خێزاندارە و باوکی 3 منداڵە، بە هەر چوار زمانی کوردی، ئەڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزی دەدوێت.

لە ڕووی زانستییەوە، حیسۆ لە ئەڵمانیا وەک توێژەر لە بواری ئەندازیاریی شارستانیدا کار دەکات، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاریی بنیاتنان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لە زانکۆی یادە لە ئۆڵدنبۆرگ، پێشتریش بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی ئۆڵدنبۆرگ بەدەست هێناوە، دوای ئەوەی خوێندنی لە زانکۆی حەلەب دەست پێ کردبوو.

وەک کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە ئۆڵدنبۆرگ، حیسۆ کار لەسەر بەستنەوەی زانست، سیاسەت و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دەکات، ڕۆڵێکی کارای لە ڕێکخراوە مەدەنییە ئەڵمانی و کوردییەکاندا هەیە و تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی دیالۆگی کۆمەڵایەتی، سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵاوبوون، و داکۆکیکردن لە بەشداریپێکردنی دیموکراسییانەی هەموو پێکهاتەکان.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، ئامادەیی نەوەیەکی نوێ لە لاوانی کورد لە کایە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیادا بووەتە دیاردەیەکی دیار و سەرنجڕاکێش، هاتنەپێشەوەی کەسایەتییەکانی وەک ڕزگار حیسۆ کە لە کۆبانێوە کۆچیان کردووە و توانیویانە لە کورتترین ماوەدا بگەنە پلەی بەرزی زانستی و هاوکات لە نێو پارتە سەرەکییەکانی وڵاتی وەک پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) پێگەی سیاسی بەدەست بهێنن، گوزارشت لە قۆناغێکی پێگەیشتووی دیاسپۆرای کوردی دەکات.

هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە ئەڵمانیا پایەیەکی سەرەکیی بەڕێوەبردنی شارەکان و دیاریکردنی سیاسەتەکانی نیشتەجێبوون، ژێرخان، پەروەردە و داڕشتنی بەرنامەکانی تێکەڵاوبوونی کۆچبەرانن، لەم چوارچێوەیەدا، بوونی کاندیدێکی خاوەن پسپۆڕیی ئەندازیاری و ئەزموونی کولتووری لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا، وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان شارەزایی تەکنیکی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بڕیارە سیاسییەکاندا، هاوکات دەبێتە هۆی گەیاندنی ڕاستەوخۆی دەنگی ڕەوەندی کوردی بە ناوەندەکانی بڕیاردان بە شێوازێکی هاوچەرخ و دیموکراسییانە.

___

بیل گەیتس:بۆگەیشتن بەوەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە ڕێژەی سەدا 70ی جیهان درەنگە

Harmn

کوردانی سووریا لە هاوکارییەکان بێ بەش دەکرێن

KDC

پوختەیەک لە کار و ئامانجەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی 

KDC