کوردستانییانی نیشتمانپەروەر لە سەرتاسەری جیهان
لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد لە ساڵی 1947، کۆتایی خەونی دەوڵەتداریی کوردستان نەبوو، بەڵکوو سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسی و گواستنەوەی خەباتی نەتەوەیەک بوو بۆ قۆناغێکی نوێ، ئەو پیلانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی کە کۆماری کوردستانی کردە ئامانج، نەیتوانی ئەو ئیرادە پۆڵایینە لەناوببات کە پێشەوا لە گۆڕەپانی چوارچراوە وەک میراتێکی سیاسی و ئاڵایەکی شەکاوە کە ڕادەستی بارزانی نەمری کرد، تا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە قۆناغەکانی دواتردا بەردەوامی بەو کاروانە بدات.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وەک بەرەی دیپلۆماسی و قەڵغانی پارێزەری مافە نەتەوەییەکانمان لە دەرەوەی وڵات، ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆ ڕەوەندی کوردستانی درێژەپێدەری ڕاستەقینەی ئەو سەروەرییەیە، بە هەموو داگیرکەران، نەیاران و پیلانگێڕانی دژ بە قەوارەی سیاسیی کوردستان دەڵێین، ئەو خەباتەی لە مەهابادەوە بۆ سەربەخۆیی دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهاندا داکۆکیی لێدەکرێت، ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگە نادەین هیچ هێز و پیلانێک مافە دەستووری و مێژووییەکانی نەتەوەکەمان بخاتە مەترسییەوە و لەسەر ئامانجە باڵاکانمان سازش ناکەین.
سڵاو لە ڕۆحی نەبەردی پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای سەرفرازیی کوردستان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
31ـی ئاداری 2026
