خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان..
ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵەوە یادی38 ساڵەی دەسپێکی زنجیرە تاوانە ڕەشەکانی ئەنفال دەکەینەوە، کە لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دژ بە گەلی ئاشتیخوازی کوردستان ئەنجام درا، لەو شاڵاوە دڕندانەیەدا، زیاتر لە 182,000 مرۆڤی بێتاوان لە منداڵ، ژن، گەنج و پیر، تەنیا لەبەر ناسنامەی نەتەوەیییان کۆمەڵکوژ کران، ئەنفال تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو پیلانێکی نەگریس بوو بۆ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەی گەلەکەمان کە برینەکانی تائێستاش بە جەستەی نیشتمان و ویژدانی مرۆڤایەتییەوە دیارن.
وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەم یادە پڕ لە ئێشەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان، بەرپرسیارییەتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە، ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەندە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەوەی ئەم تاوانە لە هەموو جیهاندا وەک جینۆساید بناسرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هاوشێوەی ئەم کارەساتانە بکرێت.
هەروەها گەڕان بەدوای ڕوفاتی پیرۆزی شەهیدان و گێڕانەوەیان بۆ زێدی باووباپیرانیان، بە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی لەپێشینە دەزانین، لێرەشەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو مافە دەستوورییانەی بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون، تەنیا لە سایەی یەکڕیزی و تەبایی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پارێزراو دەبێت، ئەم یەکدەنگییە تەنیا زامنی داهاتوویەکی گەش و ئارامە بۆ نەوەکانمان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، دروود بۆ خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
14ی نیسانی 2026
