ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا (جنێف، بازل، زیورخ)، مەراسیمێکیان بە درووشمی (هەمومان بەیەکدەگ و یەکڕەنگ جینۆسایدی ئێزدییەکان، کە یەکێکە لە گەورەترین و دڕندەترین تاوانی مرۆڤایەتیی سەرکۆنە دەکەین)، لە ١١ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ڕێکخست.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣ی٨ی٢٠٢٥، ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا، بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە نا حکومییەکان، کەسایەتی و ڕۆشنبیران، هونەرمەدان و شاعیران، ١١ەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکانیان لە زیورخ کردەوە.
سەرەتای مەراسیمەکە، بە وەستانی خولەکێک بۆ گیانی قوربانییانی ئێزدی، کە لە رێکەوتی ٣ی٨ی٢٠١٤ لە لایەن داعشەوە جینۆساید کران و گشت قوربانییانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر ١١ مۆم بۆ ١١ەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان داگیرسان و پاشان سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا.
دواتر وتاری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە لایەن سەیران کەریم خوێنرایەوە، هاوکات وتاری ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا، لە لایەن سۆران حەسەن خوێنرایەوە، پاشان وتاری لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی بەشداربوو خوێنرانەو ، بەڕێزان سەربەست نێرەوەیی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سویسرای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاسۆ، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئازاد لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، شۆڕش، پارتی دیموکراتی کوردستان، باکوور عەبدولباقی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و عەممار بەرپرسی ناوەندی زیورخ، سەرجەمیان تیشکیان خستەسەر یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و جەماوەرییەکان تا هەموو یەکگرتوو بن، بەوەش دوژمنان و داگیرکەران نەتوانن هێرشی دڕندانە و تاوانکاریی دژ بە گەلەکەمان دووبارە بکەنەوە، هەموو بەیەک دەنگ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان سەرکۆنە کرد.
پاشان لە لایەن هونەرمەندان دلژین بایار و چیا فەتاحی، چەند سترانێک و میوزیکی نیشتمانییان بە گوێی ئامادەبووان چرپاند، کە دەربڕی هەستی نەتەوەیی و هاوخەمی کارەساتی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەخۆ گرتبوو، هەروەها خاتو شلێری شاعیر، ناسراو بە ڕێحانە، بە پارچە پەخشان و هۆنراوەیەک بەشداریی کرد.
لە کۆتایی مەراسیمەکە، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئامادە بووان، سۆران حەسەن ئەندامی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، گۆڤاری ڕەوەندی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
جێی باسە پێشکەش کاری بەرنامەی مەراسیمەکە لەلایەن خاتوو فەیزییە پەریشان ەوە بوو


