ڕەوەندی کوردستانی لە شاری دیسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، بە جۆش و خڕۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز کرد
. ڕۆژی 22ی ٣ی٢٠٢٦، بە دەستپێشخەریی کۆمەڵەی ڕۆژ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی تاراوگە، ئاهەنگێکی فراوان بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە نەتەوەییە بەڕێوەچوو، کە جەخت لە یەکڕیزیی و تەبایی نەتەوەیی کرایەوە.
ئاهەنگەکە کە بەشداربووانی لە ژێر یەک ئاڵادا کە ئاڵای کوردستانە کۆکردبووەوە، پەیامێکی ڕوونی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی کوردانی لە خۆگرتبوو.
ئامانجێکی دیکەی ئەم گردبوونەوە گەورەیە، پیشاندانی وێنەیەکی گەش و شارستانییانەی کورد بوو بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی لە تاراوگە، تاوەکو ئاستی پابەندبوون و ڕێکخراوەیی ڕەوەندی کوردییان بۆ ڕوون ببێتەوە.
لە میانەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکاندا، نەجاح هێڤۆ بەرپرسی کۆمەڵەی ڕۆژ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو کەشە پڕ لە شادییەی کە توانیویانە لە ناو ڕەوەندی کوردیدا دروستی بکەن و دڵی ئامادەبووان خۆش بکەن، سەرەڕای بوونی ئەو هەموو قەیران و سەختییانەی کە ڕووبەڕووی ژیانی کوردانی دیاسپۆرا دەبنەوە.
ئەمە بۆ جاری نۆهەمینە لە مێژووی کۆمەڵەی ڕۆژدا ئاهەنگی گەورەی نەورۆز بەم شێوەیە ڕێکدەخرێت، کۆمەڵەکە ماوەی 11 ساڵە دامەزراوە و لەو کاتەوە بەردەوام هەوڵی داوە خزمەت بە ڕەوەندی کوردی بکات و لەرێگەی سازدانی چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە پارێزگاری لە کولتوور و بۆنە نەتەوەییەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا بکات .
