ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی٣ی٢٠٢٦ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی کوردی (Kurdische Gemeinde)، بە مەبەستی ناساندنی فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی کوردستان بە جیهان، ڕێوڕەسمێکی شایستە و فراوان بۆ یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە نوێنەرایەتیی هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگ (Baden-Württemberg) لە شاری بەرلین بەڕێوەچوو، کە تەلار گوڵانی بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەشدارییان کرد.
ئەم ڕێوڕسەمە بووە خاڵی بەیەکگەیشتنی دیپلۆماسی و کولتووریی نێوان کوردستان و ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی ئاستێکی باڵای حکومی و سیاسی بەڕێوەچوو، لەم یادە نەتەوەییەدا، وەزیری پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئەندامانی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا و کوردستان ئامادە بوون،ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە، قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دۆستانەکان و پیشاندانی ڕەسەنایەتی و جوانییەکانی فەرهەنگی کوردی بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی و وڵاتانی دەرەوە بوو.
سازدانی ئەم جۆرە بۆنانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ناوەندە فەرمییەکانی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە هەیە .
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکات پردی پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پتەوتر بکات، جەژنی نەورۆز کە هێمای نوێبوونەوە و ئازادیی نەتەوەی کوردە، لەم مەراسیمەدا بووە پەیامێکی ڕوون بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، هەروەها کۆی مەراسیمەکە گوزارشتێکی تەواو بوو لەو پەیامە نەتەوەییەی کە جەخت لە مانەوە و سەرکەوتنی گەلی کورد و ئاوەدانیی کوردستان دەکاتەوە.
