KDC

کەنەدا: ناوەندی ڤانکۆڤەر قوتابخانەیەکی کوردییان کردەوە

 

بە سەرپەرشتی بەرپرسی ناوەندی ڤانکۆڤەر و بە بۆنەی دەرچوونی یەکەم گۆڤاری هاوار، قوتابخانەیەکی کوردییان لەو شارەی کەنەدا کردووە.

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئایار، بە بە سەرپەرشتی عیسا مێرگەسۆری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤانکۆڤەر و بە بۆنەی دەرچوونی یەکەم گۆڤاری هاوار بە شێوەزاری کرمانجی، هاوکات بە هاوکاریی ژمارەیەک لە کەسایەتی و خەمخۆرانی زمانی کوردی و هەروەها مامۆستایانی شارەکە، یەکەم ڕۆژی وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی دەستی پێ کرد.

ئەم چالاکییە لە زانکۆی دۆگلاس کۆلێجی کوکیتلامی ڤانکۆڤەر بەڕێوە چوو و زیاتر لە بیست قوتابیی تێیدا بەشدار بوون.

لە وتەیەکدا، عیسا مێرگەسۆری بەرپرسی ناوەندی ڤانکۆڤەر، پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگ و نیشتمانییەی ئاراستەی قوتابییان و دایک و باوکیان کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە فێربوون و پاراستنی زمانی دایک هێمای مانەوە و ناسنامەی هەر میللەتێکە.

هەروەها زمانی کوردی بۆ منداڵانی کوردی بە گرنگترین ئەرکەکانی کوردانی تاراوگە دانا.

دوای ئەوە، وانەکان لەلایەن مامۆستا پەری بە زاراوەی سۆرانی، مامۆستا ئیمان بە زاراوەی کرمانجی و مامۆستا مەهاباد بە زاراوەی بادینیی پێشکەش دەکرێن.
هاوکات ناوەڕۆکی بابەتەکان لەلایەن مامۆستای زانکۆ دکتۆر پەژواک ئامادە کراون و بەردەوام چاودێرییان دەکرێت.
وانەکانیش بە شێوازێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ پێشکەش دەکرێن، کە تیایدا سوود لە ڤیدیۆ، ئەنیمەیشن، چالاکی و کێبڕکێی جۆراوجۆر وەردەگیرێت بۆ زیادکردنی بەشداری و چالاکیی قوتابییان.

شایانی باسە، کە بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەندامانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤانکۆڤەر و چالاکوانانی تایبەت بەم بوارە، بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و بێ وەستان کاریا‌ن کردووە تاکوو ئەم ڕۆژە سەرکەوتووانە بەدی بهێنن و یەکەم وانەی زمانی کوردی پێشکەش بکرێت.

___

وارشۆ: لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کۆمەککاری بۆ ئۆکرانیا ،پتر لە 6ملیار یۆرۆ کۆکراوەتەوە

Harmn

بەریتانیا : شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری لەندەن بەشداری نوێژی جەژن دەکەن

Harmn

کەنەدا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ڤانکۆڤەر گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی لەئێران ڕێکخست

Harmn