KDC

دکتۆر گۆڤە ئەحمەد خەڵاتی ئیلهامبەخشیی کۆمەڵگەی لە بەریتانیا پێ دەبەخشرێت

 دوای 25 ساڵ لە کار و خزمەتی بەردەوام لە بوارەکانی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی، دکتۆر گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد و ئەفسەری پسپۆڕ لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، وەک یەکێک لە بەربژێرەکانی خەڵاتی ئیلهامبەخشیی کۆمەڵگە بۆ ساڵی 2026 لە بەریتانیا دیاری کرا.

ئەم دەستکەوتە نێودەوڵەتییە کە لەنێوان نوێنەرانی 260 نەتەوەی جیاوازدا بەدەست هاتووە، وەک شانازییەکی گەورە بۆ پێگەی کورد لە ئاستی جیهاندا هەژمار دەکرێت.


دکتۆر گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا،هاوکات جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی زمان و سەرۆکی فیدراسیۆنی زمانی کوردی لە بەریتانیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وردەکاریی دەستنیشانکردنی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرنگەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: بڕیارە 25ی ئەیلوولی 2026، لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە بەریتانیا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دیپلۆماتکاران، سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، خەڵاتەکە بە خۆی و 13 هاوکاریی دیکەی ببەخشرێت.

ئەم دەستکەوتە دوای ئەوە دێت کە ئەم گەنجە کوردە توانیویەتی لە پرۆسەیەکی وردی هەڵسەنگاندندا، نمرەیەکی بەرز لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ڕەچاوکردنی لایەنی مرۆیی بەدەست بهێنێت، دکتۆر گۆڤە ئەم سەرکەوتنە بە موژدەیەکی گەورە بۆ گەلی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا و جیهان دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەم خەڵاتە هی تەواوی کوردە، چونکە لە مەراسیمەکەدا بە ناوی کوردەوە بانگی سەر سەکۆ دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ناساندنی زیاتری ناسنامە و تواناکانی تاکی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.

وەک ئەفسەرێکی شارەزا لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان لە شانشینی یەکگرتوودا، دکتۆر گۆڤە ئاماژەی بە هەوڵە شەو و ڕۆژییەکانی خۆی و هاوکارانی کردووە بۆ چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی هاووڵاتییان، هەروەها سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەریتانیای کردووە کە بایەخیان بە خزمەتە خۆبەخشییەکانی داوە و وەک نوێنەرێکی سەرکەوتووی کورد لەنێوان سەدان نەتەوەی جیاوازدا هەڵیانبژاردووە.


دکتۆر گۆڤە ئەحمەد، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا و جگە لە کاری فەرمی وەک ئەفسەر، لە ڕێگەی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردەوە ڕۆڵێکی کارای لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بینیوە، ئەم خەڵاتە بەرزەی بەریتانیا کە بە (Community Inspiration Awards) ناسراوە، ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە، دکتۆر گۆڤە بەڵێنی داوە لە داهاتوودا بە پڕۆژە و خزمەتگوزاریی زیاترەوە بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی کوردانی نیشتەجێی بەریتانیا.

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

[email protected]

___

ئێران سێ کورد لە سێدارە دەدات

KDC

یارییەکانی ئەمڕۆ

Harmn

شارەزایان هۆشداری لە کارە نا ئاساییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سنووری بیلاڕوس دەدەن

KDC