بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەگەڵ ڕێبەری ڕۆحی و مەعنەوی هیندی و دامەزرێنەری ڕێکخراوی «هونەری ژیانکردن» (Art of Living)، لە واشنتۆن كۆ بوویەوە.
مستەر کورد بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەگەڵ گورودێڤ سری سری ڕاڤی شانکار، ڕێبەری ڕۆحی و مەعنەوی هیندی و دامەزرێنەری ڕێکخراوی «هونەری ژیانکردن» (Art of Living)، لە واشنتۆن كۆ بوویەوە.
مستەر کورد بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە دەربڕی، كە لێ كرا، هەروەها کار و هەوڵە مرۆیی و ئاشتیخوازانەکانی سری سری ڕاڤی شانکاری بەرز نرخاند، بەتایبەتیی سەردانی ناوبراو بۆ هەولێر لە سەردەمی شەڕی داعش و پشتیوانی و هاوکارییەکانی بۆ ئێزدییەکان، کە بوونە قوربانیی تاوان و دڕندەییەکانی داعش.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، رەحیم رەشیدی، داوای لە سری سری ڕاڤی شانکار کرد، کە بە پشتبەستن بە پێگە و نفوزی نێودەوڵەتیی خۆی و لە چوارچێوەی بەها مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤدا، دەنگ و پشتیوانیی خۆی بۆ ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بخاتەگەڕ. هاوكات باسی لە وتەیەكی سەرۆك بارزانی كرد، کە داوای لە پێکهاتەكان كردووە تەسلیمی تیرۆر نەبن و وڵات بەجێ نەهێڵن، ”یان پێكەوە دەژین یا بەیەكەوە دەمرین”.
لە بەرامبەردا، سری سری ڕاڤی شانکار، خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و سڵاو و ڕێزی خۆی پێشكەشی سەرۆك بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد. هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە دەوڵەمەندیی رەوشتی خەڵكی کوردستان و كولتووری ئاشتییانەی پێكەوەژیانی لە كوردستان كرد و ئەم بابەتەی بە گرنگ وەسف كرد.
هەروەها ڕەحیم ڕەشیدی، بانگهێشتی سری سری ڕاڤی شانکاری کرد، کە جارێکی دیکە سەردانی کوردستان بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بە چاوی خۆی ئاسایش، سەقامگیری، پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان لە دوای شەڕی داعش ببینێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوانیان كردەوە.

