KDC

خەلیل شەریف: پتر لە 40 ناوەندی خوێندن لە 30 وڵات وانەی کوردی دەڵێنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک لە تاراوگە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕێگەی دەیان ناوەندی فەرمی و پۆلی ئۆنلاینەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەبات، خەلیل شەریف، لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، تەواوی وردەکارییەکانی پەیوەست بە ژمارەی ناوەندەکان، کاتی دەستپێکی خوێندن، ئاماری قوتابیان و مامۆستایان، دابینکردنی پەرتووکەکان و میکانیزمی وانەوتنەوەی ئۆنلاینی بۆ ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو.

 

فراوانیی جوگرافی و ژمارەی ناوەندەکانی خوێندن

سەبارەت بە ژمارە و جوگرافیای ناوەندەکانی خوێندن لە تاراوگە، خەلیل شەریف ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی بەرچاو لە ناوەندەکانی خوێندن لە دیاسپۆرا لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردییەوە بەستراونەتەوە، لە ئێستادا پتر لە 40 ناوەندی خوێندنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەن کە بەسەر پتر لە 30 وڵاتی جیاوازی جیهاندا دابەش بوون و پرۆسەی فێرکردنی زمان و ئەدەبی کوردی تێیاندا بەڕێوە دەچێت.

 

جیاوازی لە وادەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن

بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە دەستپێکی خوێندن بە وادەیەکی دیاریکراو و یەکگرتوو دەست پێ دەکات، دەستپێکی دەوامی ناوەندەکانی دیاسپۆرا بەپێی وڵاتان و سیستمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بە گوتەی خەلیل شەریف، هەندێک وڵات لە 15ی مانگی 8 و هەندێکی تر لە 1 یان 5ی مانگی 9 دەست پێ دەکەن، تەنانەت لە نێو خودی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاشدا لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر کاتی دەستپێکردن جیاوازە، لەبەر ئەوەی ئەو ناوەندانە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی وڵاتانی خانەخوێ نین و لەلایەن ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، دەستپێکی وانەکانیش بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان 1ی مانگی 9 تا 1ی مانگی 10 لە سەرانسەری جیهاندا ڕێک دەخرێت.

ئاستی بەشداری و پێکهاتەی جیاوازی فێرخوازان

فێرخوازانی ناوەندەکانی دیاسپۆرا تەنیا منداڵان نین، بەڵکو توێژێکی فراوانی گەورەساڵانیش لەخۆ دەگرێت کە بەهۆی سەرقاڵیی ژیان و قورسیی قۆناغەکانی پێشووی غوربەتەوە دەرفەتی فێربوونیان لەدەست چووبوو، خەلیل شەریف جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی، ئێستا گەورەساڵانێکی زۆر ڕوویان لە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی کردووە، هاوکات دیاردەیەکی دڵخۆشکەر هاتووەتە ئاراوە کە تێیدا ئاخێوەرانی شێوەزاری سۆرانی ئارەزووی فێربوونی کرمانجی دەکەن، کوردانی باکوور و ڕۆژاواش کە بە کرمانجی دەدوێن هەوڵی فێربوونی سۆرانی دەدەن، سەبارەت بە ژمارەی فێرخوازانیش، ڕێژەکە جێگیر نییە و بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە تۆمارکردنی ناو لە مانگی 9 تا مانگەکانی 10 و 11 بەردەوام دەبێت.

 

مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکی و کاری خۆبەخشی

ژمارەی مامۆستایان لە ناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی تر جیاوازە، هەندێک لە قوتابخانە بچووکەکان خاوەنی 1 بۆ 2 پۆل و 1 بۆ 2 مامۆستاین، لە کاتێکدا ناوەندە گەورەکان ژمارەی مامۆستایانیان دەگاتە 30 تا 35 مامۆستا، زۆربەی هەرە زۆری ئەو مامۆستایانە لە کوردستان پێشینەی مامۆستایەتییان هەبووە یان دەرچووی بەشەکانی زمانی کوردین و لە تاراوگە بە شێوەیەکی تەواو خۆبەخشانە و لەپێناو هەستی نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەی منداڵانی کورد کاتەکانیان تەرخان دەکەن، فیدراسیۆن بە بایەخ و پێزانینێکی زۆرەوە لەم ئەرکە پیرۆزە دەڕوانێت.

 

هاوئاهەنگی و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی یاداشتێکی لێکگەیشتنی فەرمیی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، خەلیل شەریف ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بە پەرۆشەوە پشتیوانی لە خوێندنی منداڵانی کورد لە دیاسپۆرا دەکات، هەروەها ستایشی دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی کرد بۆ ئامادەکاری و بەدواداچوونی ئەم پڕۆژەیە، بەپێی ئەم یاداشتە، وەزارەتی پەروەردە ئەرکی چاپکردن و گەیاندنی سەرجەم پەرتووکەکانی خوێندنی لەسەر ئاستی جیهان گرتووەتە ئەستۆ.

 

دابینکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەزارە جیاوازەکان

خوێندن لە دیاسپۆرا بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی، و کرمانجی بە ئەلفوبێی لاتینی دەخوێندرێت. پەرتووکەکانی سۆرانی هەمان پرۆگرامی فەرمیی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن، بۆ بادینیش پرۆگرامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک دابین کراوە، سەبارەت بە کرمانجیی بە لاتینی کە پرۆگرامی فەرمی لە هەرێم بۆی نییە، فیدراسیۆن دەستەبژێرێکی لە باشترین پرۆگرامەکانی دیاسپۆرا دیاری کردووە و وەزارەتی پەروەردەش بە تەواوی ئەرکی چاپکردن و دابەشکردنیانی بۆ سەرجەم ناوەندەکان گرتووەتە ئەستۆ.

 

خوێندنی ئۆنلاین.. دەرفەتێک بۆ شارە دوورەدەستەکان

بۆ ئەو خێزان و فێرخوازانەی لە شارە دوورەدەستەکانی تاراوگە دەژین و هیچ قوتابخانەیەکی فیزیکیی کوردی لە نزیکیان نییە، سیستمێکی بەهێزی خوێندنی ئۆنلاین پەرەی پێ دراوە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2021 دەستی پێ کردووە و لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 2000 بۆ 3000 فێرخواز بەشدارییان تێدا کرد، بۆ ئەمساڵیش دەرگای تۆمارکردن تاوەکو 1ی مانگی 10 لە ڕێگەی فۆڕمی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوەیە، مامۆستایانی ئەم خولانە ڕاهێنراوی وەزارەتی پەروەردەن و وانەکان بە شێوازی ڕاستەوخۆ دەڵێنەوە.

 

شێوازی وانەوتنەوە و بەشداریی نەتەوەکانی تر

دوای تاوتوێکردنی پلاتفۆرمەکان، پرۆگرامی زووم میتینگ بەهۆی سادەیی و ئاسانیی بەکارهێنانی لەلایەن فێرخوازانەوە پەسەند کرا، وانەکان لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر لە شاری هەولێرەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە بەکارهێنانی تەختەی زیرەک (Smart Board) و کامێرای پێشکەوتوو بەڕێوە دەچن، پۆلەکان بەپێی 5 ئاستی جیاواز و بەپێی ناوچە کاتییەکانی جیهان (ئەورووپا، ئەمریکا و کەنەدا، ئوسترالیا، و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دابەش کراون، بۆ نموونە بۆ ئوسترالیا وانەکان کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی کوردستان دەوترێنەوە تاوەکو بگونجێت لەگەڵ ئێوارەی ئەو وڵاتە، خەلیل شەریف ئاشکرای کرد کە جگە لە کورد، خەڵکانی بیانی وەک ئەمریکی، عەرەب و ئەڵمانیش لە ناو خولەکاندا هەن و فێری زمانی کوردی دەبن.

پاراستنی زمانی دایک لە تاراوگە هەمیشە یەکێک بووە لە ئاڵەنگارییە هەرە گەورەکانی بەردەم کۆمەڵگەی کوردی لە دەرەوەی وڵات، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕەوەندی کوردی بەهۆی شەپۆلەکانی کۆچ لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە ڕووی لە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا کردووە، لە کاتێکدا نەوەی یەکەمی کۆچبەران زمانەکەیان پاراستبوو، بەڵام مەترسیی تووانەوەی زمانەوانی لە ناو نەوەکانی دووەم و سێیەمدا بە قووڵی سەری هەڵدا کە زۆرجار بەهۆی باڵادەستیی زمانی وڵاتانی خانەخوێ و نەبوونی پرۆگرامی فەرمیی خوێندن ڕووی دەدا.

پێشتر زۆربەی هەوڵەکانی فێرکردنی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی تاکەکەسی، حیزبی، یان کۆمەڵە ناوخۆییەکاندا قەتیس مابوونەوە، کە بەهۆی نەبوونی پەرتووکی ستاندارد، کەمیی بودجە و نەبوونی مامۆستای ڕاهێنراو تووشی پچڕان دەبوون، دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی و پاشان گرێدانیان بە ناوەندە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی لە بەمۆدێرنکردن و ستانداردکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە دەرەوە هێنایە کایەوە، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم و خوێندنی ئۆنلاین نەک تەنیا کێشەی دووریی جوگرافیی چارەسەر کردووە، بەڵکو بووەتە پردێکی زمانەوانی بۆ بەستنەوەی نەوە نوێیەکانی دیاسپۆرا بە خاک و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە.

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

[email protected]

 

___

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە وێبنارێک لەسەر سەرچاوە و هزری توندڕەوی ساز دەکات

KDC

مێرکل لە بارەی کێشەی کۆچبەران پەیوەندی بە لۆکاشینکۆوە دەکات

KDC

تورکیا رێپێوانێکی کوردانی رۆژئاوا دەکاتە ئامانج

KDC